رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداویان راگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگایەکیان لە پارێزگای سلێمانی 9 شەهیدیان هەیە.
عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەلایەن ئێرانەوە بە شەش مووشەک بۆردوومان کراوین، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، 9 شەهیدمان هەیە".
ئازەربار گوتی: "هێرشەکان شەش مووشەکی بەهێز و گەوروبوون و هەمووی لە ناوچەکانمان دراوە لە زرگوێزەڵە و ژمارەیەک برینداریشمان هەیە".
هەروەها ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 17-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناوەندی سەرەکیمان بە شەش مووشەک لە زڕگوێزەڵە لە سنووری سلێمانی بۆردوومان کراوە و ئاگری گرتووە".
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان گوتی: "بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی لانیکەم 9 شەهیدمان هەیە و ئەگەر هەیە ئامارەکە بەرزبێتەوە".
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ گوتیشی: "ژمارەیەک برینداریش هەن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاگرەکەوە ئامارەکان بە وردی دیار نین".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران بۆ رووداو، سێ مووشەک لەو بارەگایەی داوە کە شەهیدی لێکەوتووەتەوە و سێ مووشەکی دیکەش لە هەمان ناوچەی داوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەوڵەکان بۆ کوژراندنەوەی ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکەوە دروستبووە، بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هەشت درۆن هەولێریش بۆردوومان کرا، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە و هێرشەکان تێکشکێندراون.

