رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی خانووەکانی گەڕەکی عەرەفە لە کەرکووک لە رێگەی دادگەوە زیندوو دەکرێتەوە، کە هاونیشتمانیانى کوردی تێدایە و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە دژیان سکاڵای تۆمار کردووە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جارێکی دیکە لە رێگەی دادگەوە داوای چۆڵکردنی ئەو خانووانەی گەڕەکی عەرەفە کراوە."
نزیکەی 400 خانووی گەڕەکەکە خاوەنەکانیان کوردن، کێشەیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور هەیە؛ کۆمپانیاکە داوا دەکات خانووەکان چۆڵ بکەن.
شێخ فەرهاد، یەکێک لە نوێنەرانی هاووڵاتییانی کورد لە گەڕەکی عەرەفە بە رووداوی راگەیاند: لە رێگەی بنکەی پۆلیسەوە ئاگادارکردنەوە بۆ دوو هاووڵاتی هاتووە بۆ چۆڵکردنی خانووەکان، کە پێشتر یەکێکیان بە کەفالەت ئازاد کراوە.
ئەو خانووانە لەسەر زەویی وەزارەتی دارایی بۆ فەرمانبەرانی نەوتی باکوور دروست کراون، لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئەو هاونیشتمانییە کوردانە لەو خانووانەدا نیشتەجێن.
بەگوتەی شێخ فەرهاد، زۆرینەی ئەو کەسانەی لەو خانووانەدان، دۆسیەیان لە بنکەی پۆلیسی عەرەفە هەیە.




