رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، بە نووسراوێک دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکە راگەیاند و هۆکارەکەی بۆ رووداو دەخاتەڕوو.
د. هەوراز نیزام شوانی، لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمموزی 2026 ئاراستەی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی کردووە لە سنووری کەرکووک، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاندووە.
هەوراز شوانی لە پشکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە و لە نووسراوەکەدا دەڵێت: "بە ویستی خۆم دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی شوان رادەگەیێنم، کە ماوەی نزیکەی ساڵێک و سێ مانگە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم ناحیەیەم لە ئەستۆ بووە".
لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەوە د. هەوراز شوانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر میلاکی زانکۆ مامۆستام لە زانکۆی کەرکووک، ناحیەی شوان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی وەکو ناحیە نەناسراوە، بۆیە ناتوانم میلاکم لە زانکۆوە بگوازمەوە بۆ ناحیە. ناشمەوێت هیچ کێشەیەکی یاسایی لە ئەرکەکەمدا هەبێ".
شوانی سوپاسی خەڵکی ناوچەکە و حیزبەکەی کردووە لە پۆستەکەیدا پشتیوانییان کردووە و رایگەیاندووە: "هاوکار و پاڵپشتیی تەواوی هەر هەڤاڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبم لە جێگەکەی مندا دەست بەکار ببێت".



