رووداو - دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە قەزای رزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لەنێو بازاڕدا بنمیچی دووکانێکی بەسەردا رووخا. پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
کرێکارەکە ناوی (بەکر حەمەعەلی سلێمان)ـە، تەمەنی 44 ساڵە و نیشتەجێی قەزای رزگارییە. بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، بەکر لەکاتی کارکردندا لەنێو بازاڕی قەزاکەدا بووە کاتێک بە شێوەیەکی لەپڕ بنمیچی دووکانەکە بەسەریدا کەوتووە.
سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "ناوبراو دوای رووداوەکە بە برینداری گەیێندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار. لەوێ چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ئەوەی برینەکەی زۆر سەخت بوو، گیانی لەدەست دا."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی کرێکارەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کراوە و تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی چۆنیەتیی رووداوەکە و هۆکاری رووخانی بنمیچی دووکانەکە.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان چەندین کرێکار لەکاتی کارکردندا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی یان رووداوی لەپڕەوە گیان لەدەست دەدەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش جەخت لە پاراستنی گیانی کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان دەکەنەوە.



