رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دوو رووداوی جیاوازدا لە ئوردن و "باکووری عێراق"، سێ سەربازیان کوژراون. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد تەرمی ئەو سەربازەیان دۆزیوەتەوە کە لە هێرشەکەی ئوردن دا بێسەروشوێن ببوو.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای هێرشێکی ئێران لە 17ـی تەممووز بۆ سەر بنکەیەکیان لە ئوردن، دوو سەربازیان کوژران و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێن بوو. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-07-2026، تیمەکانی گەڕان تەرمێکیان لە شوێنی رووداوەکە دۆزیوەتەوە و ئێستا خەریکی پشکنینن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە تەرمی سەربازە ونبووەکەیە.
کوژرانی سەربازێک لە "باکووری عێراق"
سێنتکۆم دەڵێ، لە رووداوێکی دیکەدا، رۆژی شەممە، 18ـی تەممووز، سەربازێکیان لە "باکووری عێراق" کوژرا. سێنتکۆم دەڵێ، رووداوەکە لە کاتی پووچەڵکردنەوەی پاشماوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێرانیدا روویداوە. لەو تەقینەوەیەدا سەربازێکی دیکەش بریندار بووە، بەڵام برینەکەی سووکە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، تاوەکو خێزانەکانیان بە فەرمی ئاگادار نەکرێنەوە، ناوی سەربازە کوژراوەکان ئاشکرا ناکەن.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە. لەم ماوەیەدا چەندین جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، عێراق و وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە.

