رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رەتی دەکاتەوە ئاسمانی هەولێر بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرابێت و بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووکیش دەڵێت: گەشتەکان بەردەوامن. سەرچاوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی دەڵێت: ئاسمانی شارەکە بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەیە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاسمانی هەولێر بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەیە."
لێدوانەکەی ئەحمەد هۆشیار لە کاتێکدایە، ئەمشەو هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمشەو 21ـی تەممووزی 2026، چەند تەنێک ئاراستەی هەولێر کران، بەڵام هەموویان لەلایەن سیستمی دژەمووشەکیی ئاسمانییەوە تێکشکێندران.
هاوکات هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی کەرکووک ئاساییە و گەشتەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەکرێن."
سەرچاوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئاسمانی سلێمانی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەیە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییەکان رۆژانە دەکرێن، بەڵام هەندێک کۆمپانیاش گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.
17ـی تەممووز هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا وەک تورکیش ئێرلاینز، پێگاسۆس و ئەی جێت، گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگرت.
سەرەتا گەشتەکان تاوەکو 20ـی تەممووز راگیران، دواتر درێژ کرایەوە بۆ 22ـی تەممووز و بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئەگەر کاتەکە درێژ نەکرێتەوە، دەبێت 23ـی تەممووز گەشتی کۆمپانیاکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا لەسەر هێڵین، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆشیان دڵنیا نین کە 23ـی تەممووز گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە یان راگرتنەکە درێژ دەبێتەوە."
بەڵام کۆمپانیاکانی دیکەی فڕۆکەوانی لەسەر گەشتەکانیان بەردەوامن.
موهەننەد ئەحمەد میر، پسپۆڕی کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی گەشتیاری لە هێڵی ئاسمانی فلای ئەربیل، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ وڵاتان بەردەوامن.
موهەننەد ئەحمەد گوتی: ئەمشەو گەشتێکیان بۆ کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک هەبووە و گەشتی گەڕانەوەشیان لە هەمان شاری ئەورووپاوە دەبێت.
موهەننەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: سبەی دوو گەشتی ئەڵمانیا و گەشتێکی ئیستەنبووڵیان دەبێت.
هەر لەو بارەیەوە هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە دوای 28ـی شوباتەوە، گەشتی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ فڕۆکەخانەکەمان راگیرا و تاوەکو ئەمڕۆ نەکراوەتەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی: "جگە لە کۆمپانیاکانی تورکیا، رۆژانە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەشتی چوون و هاتنمان بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا هەیە."
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 927 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 148 کەسی دیکە بریندار بوون.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)