رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) دەڵێت: بە 5 مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی ئەو پارتە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە کاژێرێکدا بە 5 مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر بنکەی چەمشار لە نزیک کەمپی دارە شەکران لە پارێزگای هەولێر."
ئەدیب خالیدیان گوتی: یەکەم و دووەم مووشەک کاژێر 8:30 بوو، سێیەم مووشەک کاژێر 8:56 خولەک و چوارەم و پێنجەمیش کاژێر 9:00ـی شەو بوو.
ئەدیب خالیدیان گوتی: "هەر پێنج مووشەکەکە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە."
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 19-07-2026ـیش بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگاکە و 8 پێشمەرگەیان بریندار بوون.
ئەم هێزەی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستا چەندینجار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆردوومان کراوە. لە هێرشەکانی پێشوودا دوو پێشمەرگەیان گیانیان لەدەستدا و 26 پێشمەرگەشیان برینداربوون.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 19ـی تەممووز، هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 920 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئاکامدا 31 شەهید و 148 بریندار هەن کە 82 برینداریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
