رووداو دیجیتاڵ
بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەک کرایە ئامانج. ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حیزبەش رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشەکەوە حەوت پێشمەرگە بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 18:50ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-07-2026، بە مووشەکێک هێرش کراوەتە سەر بارەگای حیزبەکەیان لە دۆڵی ئالانە.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "حەوت پێشمەرگە بریندار بوون. برینی بەشێک لە پێشمەرگەکان سەختە".
بە گوتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەمجەد ئەو مووشەکەی لە هێرشەکەدا بەکارهێندراوە لە جۆری «خەیبەری کەرار» بووە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە لە 28ی شوبات بە زیاتر لە 94 مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپ و بارەگاکانیان.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. رۆژی 17-07-2026، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێزەڵە لە سنووری سلێمانی.
بەهۆی هێرشەکەی زڕگوێزەڵەوە، تاوەکو ئێستا 10 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە؛ دوایین قوربانییان پێشمەرگەیەک بوو کە رۆژی 21ی تەممووز بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

.jpeg&w=3840&q=75)

