رووداو دیجیتاڵ کۆڵبەرێکی خەڵکی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هێزەکان "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" تەقەیان لێکردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "کوتۆل"ی سەر بە پارێزگای ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "بلجوک" تەقەی لێکراوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرە ناوی (رەسوول قەلەندەری)یە و تەمەنی 21 ساڵ بووە. هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پاساوی "گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەیان لێکردووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. رەسوول قەلەندەری، خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵی تەمەن سێ ساڵان و پێنج مانگانە. ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دەیان کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان، کەوتنە خوارەوە لە شاخ یان رەقبوونەوە لە سەرمادا، گیان لەدەستدەدەن یان کەمئەندام دەبن. بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێنج کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.