رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری نوودشە لە پارێزگای کرماشان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری نوودشە لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای کرماشان تەقەیان لە گرووپێک لە کۆڵبەران کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی گەنج کوژراوە.
کۆڵبەرەکە ناوی (سوهەیل فیردەوسی)ـیە، تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی گوندی (زاوەر)ـی سەر بە شاری نەوسوودە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پاساوی "گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەیان لێکردووە و گوللەیەک بەر سکی کەوتووە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
تەرمی ئەو کۆڵبەرە بۆ دادپزیشکی شاری پاوە گواستراوەتەوە و هێشتا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ، لە بەرزاییەکانی گوندی بێلەجووک سەر بە ناحیەی کۆتۆلـی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێک بە ناوی (رەسوول قەلەندەری)، تەمەن 21 ساڵ کوژرا.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی زانیار، لە سنووری گوندی (دەرەکێ)ـی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سنە تەقەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
رۆژی 3ـی تەممووز، کۆڵبەرێکی خەڵکی روانسەر بە ناوی وەزیر رەحیمی، تەمەن 57 ساڵ و لە 6ـی تەممووزیش، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەلاح خۆشنەمەک، تەمەن 18 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرابوون.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا پێنج کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەسترێژی گوللەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پار 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.



