رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دوو گەڕەکی شاری هەولێر، چەندین کەس بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە بریندار بوون، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکانی شارەکە بەدەست کەمی و نەمانی ڤاکسینی دژەهاری سەگەوە دەناڵێنن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەنیا لە گەڕەکی ژینی ناحیەی دارەتوو، پێنج کەس کە لەنێویاندا ژن، منداڵ و پیاو هەن، لەلایەن سەگی بێلانەوە بریندار کراون. هاوکات رووداوێکی دیکەی هاوشێوە لە گەڕەکی هەولێری نوێ تۆمارکراوە.
هێرش حاجی رەشید، یەکێکە لە بریندارەکان و باس لە ساتەوەختی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "کاژێر 5ـی بەیانی لەکاتی دەوامدا خەوم لێکەوتبوو، سەگ پەلاماری دام. دوای رووداوەکە چوومە هەرسێ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر، بەڵام لە هیچ کامێکیان ڤاکسینەکە دەستنەکەوت."
ئەم مەترسییە بۆ بنەماڵەی هێرش تەنیا برینداری نییە، حاجی مامۆ رەشید، باوکی هێرش دەڵێت: "ئەمە دووەم رووداوە لەنێو خێزانەکەمان روودەدات، پار کەسێکمان بەهۆی پەلاماری سەگەوە گیانی لەدەستدا."
قەیرانی ڤاکسین: تەنیا لە دهۆک ماوە
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ڤاکسینی دژەهاری سەگ لە نەخۆشخانەکانی هەولێر نەماوە، بۆ ماوەی دوو هەفتەشە لە سلێمانی هەمان کێشە دروستبووە؛ لە ئێستادا ڤاکسینەکە تەنیا لە پارێزگای دهۆک بەردەستە.
دکتۆر بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستیی هەولێر، هۆکاری نەمانی ڤاکسینەکە بۆ بەغدا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "بۆ ئەمساڵ پێویستمان بە 8 هەزار و 500 ڤاکسین هەبووە، بەڵام بەغدا تەنیا 3 هەزار ڤاکسینی ناردووە کە زۆر کەمە. داوامان کردووە و چاوەڕێین هەفتەی داهاتوو بڕێکی نوێمان بەدەست بگات."
ئامارەکان مەترسیدارن
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو هەزار و 684 حاڵەتی سەگگەستن تۆمارکراون. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 930 رووداو تۆمارکراون، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی رووداوەکانە سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆکردنەوەیان.
تیمە تەندروستییەکانی هەولێر مەزندە دەکەن نزیکەی 29 هەزار سەگی بێلانە لە کۆڵان و گەڕەکەکانی پایتەختدا هەبن. هەرچەندە لە حەوت مانگی ئەمساڵدا نزیکەی پێنج هەزار سەگ کۆکراونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ شێڵتەر، بەڵام هێشتا مەترسییەکە لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان بەردەوامە.


