رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 685 ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە لە نێوانیاندا بەرپرسی لق و قەزاکان هەن، بەهۆی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بڕیارەکانی سەرکردایەتیی پارتەکەیان لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەکۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە.
رەجەب یاووز، بەرپرسی لقی رێکخستنەکانی شارۆچکەی باغلاری ئامەد کە یەکێکە لە بەرپرسە دەستلەکارکێشاوەکانی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ئامەد 685 ئەندامی پارتەکەمان ناسنامەی حزبییان رادەستکردەوە و بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند."
ئەم شەپۆلەی دەستلەکارکێشانەوە دوای ئەوە هات کە لە 30ـی حوزەیراندا، بە بڕیاری دەستەی کارگێڕیی ناوەندیی جەهەپە کە ئێستا لەلایەن باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو بەڕێوەدەبرێت، ئەنجوومەنی پارێزگای ئامەد و سەرۆکی لقەکانی قەزاکانی (رەزاکان، چەرمیک، چونگوش و چنار) لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
رەجەب یاووز لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: تورکیا لە قۆناخێکی مێژووییدایە و ئەوان گەیشتوونەتە رێگەیەک کە جیابوونەوە لێی بووەتە کارێک کە گەڕانەوەی تێدا نییە.
یاووز گوتیشی: "جەهەپە داربەڕوویەکی کۆمارییە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک دایمەزراندووە، بەڵام ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پارتەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، گوێی خۆیان لە ئاست دەنگی ئۆرگانەکانی حزبدا داخستووە."
ئەو بەرپرسەی پێشووی جەهەپە رەخنەی تووندی گرت و باسی لەوە کرد: ئێستا لەناو پارتەکەدا هزری خۆسەپێنی حوکم دەکات کە ئیرادەی گەل و بنکەی جەماوەریی حزبەکەی پشتگوێ خستووە.
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی لە ساڵی 2023 بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
رۆژی 21-7-2026 ئۆزگور ئۆزەل دەرچوونی خۆی لە جەهەپە و دامەزراندنی پارتێکی نوێی راگەیاند.



