حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە کە باسی تێکهەڵچوونی نێوخۆیی لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەدا دەکەن و رایدەگەیێنێت، هیچ جۆرە ئاڵۆزییەک رووی نەداوە. ناوەندی ئیداریی حیزبەکە لە راگەیێندراوێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێکهەڵچوون لە دۆڵی ئاڵانە و برینداربوونی پێشمەرگەیەک دەکەن، دوورن لە راستییەوە. حدکا دەڵێ، "نە ئێستا و نە لە رابردوودا، هیچ جۆرە ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونێک لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتدا رووی نەداوە و ئەم هەواڵە راست نییە." هەر ئەمشەو، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش، تەقەکردنی "جاسووسێک"ی لە پێشمەرگەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ و دەنگۆی بێ بەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا گوتراوە گوایە جاسووسێک تەقەی لە ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵە کردووە و برینداری کردوون و دواتر هەڵاتووە، بە روونی رایدەگەیێنین کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە و بە تەواوی درۆ و بێ بەڵگەن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بە کوژرانی ئەندامێکی باڵای حیزبەکە کرابوو، بەڵام کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رەتی دەکاتەوە، ئەندامێک لە رێبەرایەتی تێرۆر کرابێ.