رووداو - دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی شاری هەولێر، سووتانی موەلیدەی ئەهلی ژیانی 400 خێزانی پەکخستووە و دوو مانگە لە تاریکی و گەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا دەژین. دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن ژیانمان نەماوە و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدان.
نزیکەی دوو مانگە ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە بەهۆی سووتانی موەلیدەکەیانەوە سەراوژێر بووە. ئەکرەم بانیمارانی، خانەنشینێکی نیشتەجێی گەڕەکەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "لە بێکارەباییدا هاتوومەتە کۆڵان، هاوژینەکەشم لە حەوشە پاڵی داوەتەوە و نازانم ماوە یان نا. پارچە مقەبای کۆنمان کۆکردووەتەوە و باوەشێن لە خۆمان دەکەین."
پەیام یەعقووب، کە کابانێکی ماڵە دەڵێت: "ئەوندە گەرمە هەر بەس دەمانەوێت زوو کارەبا بێتەوە تاوەکو شتێک شەحن بکەینەوە یان مزەخەیەک لێبدەین ئاو بۆ تانکییەکان بڕوات."
چیرۆکی ئەحمەد؛ شەڕی شێرپەنجە و گەرما ئەحمەد مستەفا، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکەیە کە شەش ساڵە دەستەویەخەی نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆنە. ئەو لەبەر بێکارەبایی و گەرما، سێ کاژێرە لە کۆڵان دانیشتووە و دەڵێت: "کارەبامان نییە و موەلیدەمان سووتاوە، بەم نەخۆشییەوە لەم گەرمایەدا هاتوومەتە دەرەوە، تەنیا خودامان هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، هۆکاری کێشەکە بۆ پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە دوای کێشەکەی کۆرمۆر دەگەڕێنێتەوە کە بووەتە هۆی سووتانی کێبڵ و موەلیدەکە. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "خاوەن موەلیدەکەمان بانگ کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێننامەی پڕکردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی شەممە موەلیدەکە و کێبڵەکان بەتەواوی نۆژەن بکاتەوە و کارەبا بۆ گەڕەکەکە بگەڕێنێتەوە."
لەگەڵ کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، موەلیدە ئەهلییەکان بوونەتە جێگرەوەی سەرەکی، بەڵام پەککەوتنی هەر موەلیدەیەک لەم وەرزەدا، سەدان خێزان رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت دەکاتەوە.

