رووداو دیجیتاڵ
مانگی تەممووزە و پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە لووتکە، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک لە ژوورە فێنکەکاندا خۆیان لە تیشکی بەتینی خۆر دەپارێزن، هەزاران کرێکار و وەستا ناچارن لە پێناو بژێوی ژیانیاندا، لەگەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا کار بکەن و رووبەڕووی مەترسیی تەندروستی ببنەوە.
ئەحمەد رەشاد، کرێکارێکە ماوەی 10 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، ئەو باس لە قورسیی کارەکەی دەکات لەم وەرزەدا و دەڵێت: "ئەگەر لە بێچارەیی نەبێت ئەم ئیشە ناکرێت. رۆژانە ئەوەندە ماندوو دەبین، کاتێک دەچینەوە ماڵ وەکو تەرم دەکەوین، لەبەر گەرما تاقەتی هیچت نامێنێت."
مەترسییەکانی کارکردن لەژێر خۆردا
کارکردن لەم جەوەدا تەنیا ماندووبوون نییە، بەڵکو مەترسیی راستەوخۆی لەسەر ژیانی کرێکاران هەیە. ئەحمەد ئازاد وەستایە و 22 ساڵە کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات زۆرجار لەسەر کار تووشی سەرسوڕان و بوورانەوە دەبن.
کەریم کانەبیش ئەویش وەستایە، باس لە مەترسییەکی دیکە دەکات کەوتنە خوارەوەیە لەسەر ئەسکەلە و دەڵێت: "پێرێ ئامۆزایەکم لەسەر ئەسکەلە بەربۆوە، دوو هەفتە پێش ئێستاش یەکێکی دیکەمان بەربۆوە و ئێستا لە ماڵەوە کەوتوون."
بۆ زۆربەی ئەم کرێکارانە، بژێوی خێزانەکەیان تەنیا هۆکارە وایان لێدەکات بەرگەی ئەم دۆخە بگرن. کەریم عومەر، کرێکارێکی تەمەن 54 ساڵە و دەڵێت: "خاوەنی شەش سەرخێزانم، لە ساڵی 2011ـەوە ئەم کارە دەکەم و چارەم نییە."
عیماد بەرزنجیش پێشتر لە کارگە کاری کردووە، دوای داخرانی کارگەکەی ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ کرێکاریی رۆژانە و لە کاژێر 05:00ـی بەیانییەوە دەستبەکار دەبێت.
ژینگەی کار و رێگەکانی خۆپارێزی
کرێکاران بۆ ئەوەی کەمێک لە تیشکی خۆر پارێزراو بن، پەنا دەبەنە بەر کڵاو و ئاوپرژێنکردنی خۆیان. ئاشتی شێخانی، یەکێکی دیکە لە کرێکارەکان باس لەوە دەکات کرێکاران رۆژانە 30 هەزار دینار وەردەگرن، لە کاتێکدا وەستاکان بە مەتر کار دەکەن.
عومەر سەباح، یەکێکی دیکە لە وەستاکان، باس لە دۆخێکی قورسی کارکردن دەکات لە ناو شاردا و دەڵێت: "جاری وا هەیە لە گۆشەیەکدا کار دەکەیت تیشکی خۆر لە دیوارە لباد یان قیڕەکانی تەنیشتت دەدات و دەداتەوە لە تۆ، لەو کاتەدا هەناسەت سوار دەبێت و نامێنێت."
کەیوان قاسمزادە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە (رومێ-رەزاییە)، بەراوردی گەرمای ناوچەکە دەکات و دەڵێت، لێرە گەرما زۆر تاقەتپڕووکێنترە لەو شوێنەی ئەو لێی هاتووە.
سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە، وەکو فایەق سورچی دەڵێت: "ئەگەر خوا لە پشتت نەبێت، بەڕاستی بەو گەرمایە ناتوانی لێرە بوەستی." ئەمە دەردەڵی ئەو کەسانەیە کە لەژێر گەرمای نزیکەی 50 پلەیی تەمووزدا، خەریکی ئاوەدانکردنەوەی شارن.


