رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای بەشداریکردنی لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکهێنانی حکومەت،" بەڵام گوتیشی، "ناتوانم بڵێم کەی پێکدێت." سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش گوتی، "لەم رۆژانەدا لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی رایدەگەیێنین."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە لەم نزیکانەدا رێوڕەسمێکمان هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە هەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە و لەم رۆژانەدا ئەوە بە فەرمی رادەگەیێنین."
لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ناتوانم بڵێم کەی پێکدێت، بەڵام دەتوانم یەک شت بڵێم، دەتوانم پێتان بڵێم: کۆبوونەوەی باش هەتا ئێستا کراون، لەنێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، لەنێوان هیزە ئەمنییەکان، لەنێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی."
هەر لەسەر ئەو پرسە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم، لە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکهێنانی حکومەت، بەڵام نازانم کەی."


