رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بە مەبەستی ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و دەڵێت، "سەرۆک بارزانی و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە ئەرک و کارەکانمدا پاڵپشتم بوونە."
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی -2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەندرو بیزلی، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی بریتانیا جەختی لە گرنگیی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، "هیوای سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی بەردەوام بۆ هەرێمی کوردستان دەخوازم."
بارەگای بارزانیدا نووسیویەتی، سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەرکەکانی کۆنسووڵی بەریتانیای لە ماوەی رابردوودا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست.
هاوکات سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، "پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوان گەلی کوردستان و بریتانیادا هەیە،" هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ گەل و حکومەتی بریتانیا دەربڕی لەبەرامبەر هەڵوێستە مێژووییەکانیان بەرامبەر گەلی کوردستان.


