رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، رایگەیاند، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "چرکە بە چرکە زیان بە هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەگەیەنێت،" ئەو، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لووتکە بە "هەواڵێکی زۆر خۆش" ناودەبات و پێی وایە دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری هەردوولا و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگیی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوەدایە کە دەبێتە دەرفەتێک بۆ لێکتێگەیشتن، دوای ماوەیەک لە دوورکەوتنەوەی نێوانیان. ئاری هەرسین گوتی، "ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ لێکتێگەیشتن و بڕیاری یەکلاییکەرەوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە کە چەندین هۆکار لەپشت ئەم نزیکبوونەوەیەوە هەن، لەوانە دۆخی سیاسیی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی حیزبە سیاسییەکان بەرامبەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و سەروەریی خاکی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و رۆڵی کەسایەتییەکانی وەک سەڵاحەدین بەهائەدین و محەممەدی حاجی مەحموود لە ئامادەسازی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە.
ئاری هەرسین رەخنەی تووندی لە شێوازی دانوستاندن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرت و گوتی، "ناکرێت ئێمە و یەکێتی ئەقڵی خۆمان بدەینە دەست فەیسبووک و ئینستاگرام، نە گوێ لەو قسانە بگرین کە لەوێ دەکرێن و نە دانوستاندن لە رێگەی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە لەگەڵ یەکتردا بکەین." ئەو پێی وایە کە دانوستاندنی راستەقینە ئەوەیە کە لایەنەکان "لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، پشوویان درێژ بێت و گوێ لە یەکتری بگرن."
ئاری هەرسین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەرگیز لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و سەروەریی خاکی کوردستان گرنگتر نین. ئەو گوتی، "ئێمە پێش ئەوەی هەر شتێک بین، دەبێ کورد بین. هەر ناکۆکییەک لە نێوانماندا هەبووبێت، لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و لە سەروەریی خاکی پیرۆزی کوردستان گرنگتر نییە."
ئاری هەرسین هیوای خواست کە نیازپاکی ببێتە هۆی سەرکەوتنی گفتوگۆکان و گوتی، "ئەمە دەستپێشخەرییەکی باشە، پشت بە خوا خێر و بەرەکەت بۆ کوردستان دێنێت و پەرلەمانی کوردستانیش کارا دەبێتەوە و بە زووترین کات کابینەی دەیەم پێکدەهێنرێت."


