رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە شەش رۆژە دەستی پێکردووە و دەڵێت، "پرۆسەکە بە دوو قۆناخ دەکرێت و دەتوانن تاوەکو 250 هەزار تۆن وەربگرن."
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت، بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت؛ لە قۆناخی یەکەمدا کە ماوەکەی مانگێکە کۆمپانیای خۆشناو 100 هەزار تۆن و کۆمپانیای قەیوان 75 هەزار تۆن گەنم وەردەگرن."
لە 20ـی مانگەوە وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت لەلایەن هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو دەستی پێکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت، "ئەگەر لەدوای قۆناخی یەکەم هێشتا گەنم مابێتەوە، ئەوا لە قۆناخی دووەمیشدا دەتوانن گەنم وەربگرن، چونکە تاوەکو 250 هەزار تۆن توانای وەرگرتنی گەنمیان هەیە و ماوەکەشیان بۆ درێژ دەکرێتەوە."
ئەم بڕیارەی کەرتی تایبەت بۆ وەرگرتنی گەنم دوای ئەوە دێت، کە لە 18ـی ئەم مانگەدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ حکومییەکان کۆتایی هات. بەپێی رێکار و مەرجەکان، کەرتی تایبەت هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، بە مەرجێک هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت کە عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم دیاری کردبوون.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دابوو تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو کە تۆنی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.
پێشتر و لە 12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردبوو.



