رووداو دیجیتاڵ لە گەڕەکی رەحیماوەی شاری کەرکووک، ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکە گردبوونەوە و داوایان کرد رێڕەوی وەستانی سەرەی ئۆتۆمبێلەکان لەبەردەم بەنزینخانەیەک بگۆڕدرێت. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، هێزەکانیان گەیشتوونەتە گەڕەکی رەحیماوە. رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو لە گەڕەکی رەحیماوە نزیکەی 40 کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە گردبوونەوەیان کردووە. داواکاریی سەرەکیی ئەو هاووڵاتییانە ئەوە بوو کە سەرەی درێژی ئۆتۆمبێلەکان نەیەتەوە ناو گەڕەکەکان و بەردەم ماڵەکانیان، چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵەکانیان دروست دەکات. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی رەحیماوە بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ رەوانەی شوێنەکە کراون. پێشتر سەرەی ئەو بەنزینخانەیە لە فلکەیەک بووە، بەڵام ئێستا سەرەکەیان بردووەتە ناو ئەو گەڕەکەوە. عامر شوانی دەڵێ، "هێزەکانمان ئێستا لەوێن و بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش بڕیارمانداوە کە سەرەی بەنزینەکە بگوازینەوە شوێنی خۆی، تاوەکو رێڕەوی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان بگۆڕدرێت و مەترسی لەسەر هاووڵاتییان و منداڵانی گەڕەکەکە نەمێنێت." رێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ گردبوونەوەکە.
کوردستان26-07-2026وەزارەتی بازرگانی: وەرگرتنی گەنم لە کەرتی تایبەت بە دوو قۆناخ دەبێت؛ 250 هەزار تۆن وەردەگیرێت