رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای رواندز بڕینی نزیکەی 500 زێدەڕۆیی سەر تۆڕی گشتیی ئاو، کێشەی شەش ساڵەی کەمیی ئاوی لە گەڕەکەکانی ئەو قەزایە بەرەو چارەسەر برد. لە نێو زێدەڕۆییە دۆزراوەکاندا بۆڕییەکی 6 ئینجی هەبووە بەتەنیا هێندەی 120 ماڵ ئاوی بەکارهێناوە، بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا 10 سەرپێچیکار رەوانەی دادگا کراون.
تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا، لیژنەی بڕینی زێدەڕۆییەکان ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەکی رواندز گەڕاون و 492 زێدەڕۆیی جۆراوجۆریان لەسەر تۆڕی ئاوی قەزاکە ئاشکرا کردووە و بڕیویانن.
سامان خدر، سەرۆکی لیژنەی بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر ئاو لە رواندز، لەبارەی قەبارەی سەرپێچییەکانەوە رایگەیاند: "گەڕەک هەبووە ژمارەیەک ئاوی زێدەڕۆی لەسەر بووە، دوای ئەوەی بڕیومانن ئاوی ماڵەکانی دیکە 80٪ زیادی کردووە و ئێستا بەباشی ئاو دەگاتە ماڵەکان. تەنانەت لە گەڕەکێکدا تەنیا لە مەودای 20 مەتردا، 75 زێدەڕۆیی لەسەر یەک بۆڕی هەبوو."
بڕینی ئەو زێدەڕۆییانە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر دابەشکردنی ئاو دروستکردووە و ئاو گەیشتووەتەوە ئەو گەڕەکانەی چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمیی ئاوەوە دەیانناڵاند.
مەسعود مستەفا، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی رواندز، خۆشحاڵیی خۆی بە هەڵمەتەکە دەربڕی و گوتی: "بەو هۆیەوە دوێنێ نزیکەی دوو کاژێر ئاومان بۆ هات و هەموومان دلخۆش بووین. ئەوانەی پێشتر ئاوی بۆ نەدەچوو، ئاو گەیشتە ئەوانیش."
10 سەرپێچیکار رەوانەی دادگا کراون
لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە بەپێی قەبارەی سەرپێچییەکان، سزای یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران وەردەگیرێت و رێکاری توند بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.
یوسف محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سۆران، لەبارەی سزاکانەوە رایگەیاند: "بەپێی یاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، هەر جۆرە سەرپێچییەک سزای تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر بۆڕییەکی 3/4 ئینجی بە سەرپێچی راکێشرابێت، سزاکەی 300 هەزار دینار پێبژاردنە، ئەگەر پابەندیش نەبوو رەوانەی دادگا دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 10 کەسیان بەهۆی سەرپێچییەوە ڕەوانەی داواکاری گشتی و دادگا کردووە.
قەزای رواندز لە 13 گەڕەک پێکهاتووە و نزیکەی 4 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە، رۆژانە 23 هەزار مەتر سێجا ئاو لەو قەزایە دابەش دەکرێت. بەرپرسانی ناوچەکە جەخت دەکەنەوە، دوای نزیکەی شەش ساڵ لە گرفت و کەمیی ئاو، بەهۆی بڕینی ئەم زێدەڕۆییانەوە بارودۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە.


