رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، شکۆ عومەر کاکەڕەش وەک بەرپرسی نوێی نووسینگەی بەغدا دەستنیشان دەکات.
شکۆ عومەر، لە 25-1-1986 لە کەرکووک لەدایکبووە. بڕوانامەی ماستەری لە هونەرە جوانەکاندا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و شارەزاییەکی باشی لەبارەی عێراق و خەڵکەکەیەوە هەیە.
شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نوێی نوسینگەی رووداو لە بەغدا دەڵێت: "بە رێزێکی زۆرەوە ئەم ئەرکە نوێیە دەستپێدەکەم بۆ پاراستنی ئەو کارە گرنگ و میراتە رۆژنامەڤانییەی خوالێخۆشبوو هەڵکەوت عەزیز لەدوای خۆی بەجێیهێشتوون. هەڵکەوت کارێکی گەورە و پیرۆزی دەکرد و پردێکی لە نێوان بەغدا و خەڵکی ئێمەدا دروستکرد. ئەرکی من بەهێزکردنی ئەو پردەیە." هەروەها گوتیشی: "بەردەوام دەبم لەسەر رێبازەکەی ئەو بۆ گەیاندنی راستییەکان و کاری رۆژنامەوانی."
شکۆ، ئەم بەرپرسیاریێتییە نوێیە لە کاتێکدا وەردەگرێت کە نووسینگەی بەغدا میراتیی گرنگی هەڵکەوت عەزیزی بۆ هەمیشە پێوە دیارە. رێبازی رۆژنامەڤانی هەڵکەوت بەردەوام دەبێت و ئەو پابەندبوونەی هەڵکەوت بە کاری رۆژنامەڤانییەوە هەیبوو، هاوکارانی لە بەغدا درێژەی پێدەدەن.
رووداو، بەخێرهاتنی شکۆ عومەر کاکەڕەش دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی نووسینگەی بەغدا.



