رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سنە رایگەیاند، بەهۆی گەرماوە سبەی دەوامی فەرمانگەکانی سەنتەری شارەکە کەم دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تەممووزی 2026، عەبدوڵڵا رەشیدی پوور، جێگری پارێزگاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە، سبەی لە فەرمانگە حکومییەکان کاژێرەکانی کار کردن کەم دەکرێتەوە."
عەبدوڵڵا رەشیدی پوور گوتی، بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە و بۆ ئەوەی بتوانن بەکارهێنان کەم بکەنەوە، دەوامی فەرمانگە حکومییەکانیان کەمکردووەتەوە.
بە گوتەی عەبدوڵڵا رەشیدی پوور، دەوامی فەرمانگە حکومییەکان لە سنە کاژێر 7 بەیانی بۆ 11ی بەیانی کەم کرایەوە.
لە کاتی ئاساییدا دەوامی فەرمانگەکانی سنە لە 7ی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو 2ی دوای نیوەڕۆ. بەمەش سبەی دەوامی فەرمانگەکان سێ کاژێر کەمدەکرێتەوە.
عەبدوڵڵا رەشیدی پوور، ئاماژەوی بەوەشکرد، بڕیارەکە، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
چەند رۆژێکە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە، لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 47 پلەی سیلیزی.




