رووداو - دیجیتاڵ
سەروەر ئەحمەد، دوای ئەوەی بەشێکی زۆری تەمەنی لە غوربەت و لە وڵاتی فینلەندا بەسەر برد، دواجار بڕیاری گەڕانەوەی بۆ کوردستان دا. ئەو کە ئێستا تەمەنی 45 ساڵە، لەگەڵ کوڕەکەی گەڕاوەتەوە و لە رێگەی پڕۆژەیەکی دەزگای روانگەوە، توانیویەتی جارێکی دیکە تێکەڵی کۆمەڵگە ببێتەوە و کار و ژیانی خۆی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە.
سەروەر لە ساڵی 2015 لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی ڕانیە، بە هیوای ژیانێکی باشتر رووی لە ئەوروپا کرد. دوای چەندین ساڵ ژیان لە فینلەندا و هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی ڕووسی، بەهۆی جیاوازیی کلتوورییەوە لە هاوژینەکەی جیا بووەوە. ئەو دەڵێت: "کلتوورمان جیاواز بوو، تەنیا منداڵێک کەوتە نێوانمان کە لە تەمەنی یەک رۆژییەوە لای خۆم بووە و ئێستاش لەگەڵ خۆم هێناومەتەوە کوردستان."
سەروەر دوای گەڕانەوەی هاوسەرگیریی دووەمی پێکهێناوە و دەڵێت: "سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە کوڕەکەمی وەک منداڵی خۆی لەخۆگرتووە. هەروەها سوپاسی دەزگای روانگە دەکەم کە ئێمەی لە بێهیواییەوە گەڕاندەوە بۆ هیوا و جارێکی دیکە گەڕاینەوە نێو کۆمەڵگە. داوا لە کوردانی ئەوروپا دەکەم بێهیوا نەبن لە گەڕانەوە، چونکە لێرە پاڵپشتی هەیە."
روانگە؛ چوار قۆناخ بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان سەروەر تەنیا نییە؛ تاوەکو ئێستا 75 گەڕاوەی هاوشێوەی ئەو لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی تایبەتی دەزگای ڕوانگەوە هاوکاری کراون. حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، وردەکاریی پڕۆژەکە بۆ رووداو روون دەکاتەوە: "پڕۆژەکە لە چوار قۆناخ پێکدێت؛ سەرەتا لە رێگەی راهێنانەوە پلانی کارکردنیان فێر دەکرێت، پاشان کارامەییەکانیان جیا دەکرێتەوە، لە قۆناخی سێیەمدا بیرۆکەکانیان دەکرێتە کردەیی و لە قۆناخی کۆتاییشدا پشتیوانیی ماددییان پێشکەش دەکرێت بۆ دروستکردنی کاری خۆیان."
هاژە ئازاد، یەکێکی دیکەیە لە گەڕاوەکان کە دوای دوو ساڵ ژیان لە دەرەوە، ساڵێکە گەڕاوەتەوە. ئەو کە خاوەن کاری خۆیەتی دەڵێت: "کاتێک گەڕامەوە پەیوەندیم بە روانگەوە کرد، ئەوان هاوکارییەکی باشیان کردم بۆ ئەوەی پەرە بە کارەکەی خۆم بدەم کە شەش ساڵە ئەنجامی دەدەم."
ئاماری پڕۆژەی بەهێزکردنی بژێوی:
- ماوەی پڕۆژە: 3 ساڵ.
- کۆی سوودمەندان: 2,171 کەس.
- رووبەری کارکردن: 7 پارێزگای هەرێمی کوردستان و عێراق.
- ژمارەی گەڕاوە هاوکاریراوەکان: 75 کەس.
ئەم پڕۆژەیە وایکردووە ئەو گەنجانەی بەهەر هۆکارێک بێت لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە، تووشی شۆکی بێکاری و بێهیوایی نەبن و بتوانن بە کارامەییەکانی خۆیان، ببنە خاوەن کار و داهات لە نێو نیشتمانی خۆیاندا.


