ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوە پیشەیییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆردی رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژۆ کرد.
کۆبوونەوەکە لە شاری هەولێر کرا و تێیدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەبارەی بەستنی کۆنگرەی سەندیکا و رێکخراوەکان واژۆ کرد.
سیروان گەردی، ئەندامی شاندی پارتی لە رێکخراوە پیشەیییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێککەوتووین لەسەر ئەوەی ئەو سەندیکایانەی وادەیان بەسەرچووە، لە ماوەی شەش مانگ بۆ یەک ساڵ کۆنگرە ببەستن و رێکارە دیموکراتییانەکەی خۆیان بە کردەیی جێبەجێ بکەن."
سیروان گەردی گوتی:
"کاردەکەین (پارتی و یەکێتی) بۆ یەکگرتنەوەی ژمارەیەک سەندیکا، بەتایبەتی ئەو
سەندیکایانەی کە لە بری یەک سەندیکای مەرکەزی، دوو سەندیکای لۆکاڵییان هەیە، وەکو
سەندیکاری ئەندازایاران و، دەبێ ببن بە یەک."
کۆبوونەوەیەکە بە سەرپەرشتیی
هاوبەشی ئەمەل جەلال، بەرپرسی بۆردی رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان و ئاراس خۆشناو، بەرپرسی رێکخراوە پیشەیییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، شاندی هەردوو لایەن بە وردی گفتوگۆیان لەسەر گەڵاڵەکردنی ستراتیژێکی هاوبەش کرد بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار لە پێناو گەشەپێدانی کاری پیشەیی لەنێوان سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەرە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنەکەش بریتی بوون لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی رێکخراوەکان ببنە رەنگدانەوەی خواست و مافەکانی جەماوەرەکەیان و لەسەر بنەمای کاری هاوبەش بپەڕنەوە بۆ قۆناخێکی نوێ، پەلەکردن لە رێکارەکانی بەستنی کۆنفرانس، کۆنگرە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە زووترین کاتدا.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا کە سەرۆکی شاندی هەردوولا واژۆیان کردووە، ئەم رێککەوتنەیان وەکو "خوێنکردنەوە بە بەری پێکهاتەی رێکخراوەکاندا" وەسف کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
