رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 35 رۆژە ئازاد سیراج، ئەو گەنجە 21 ساڵانەی نیشتەجێی کەمپی گەویلان، دوای ناردنی نامەیەکی ماڵئاوایی بۆ دایک و باوکی، بێسەروشوێن بووە و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە. باوکی ئازاد داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بنەماڵەی بارزانی دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کوڕەکەی هاوکارییان بکەن.
ئازاد سیراج، گەنجێکی پەنابەری رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2017ـەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپی گەویلان نیشتەجێن. ئەو ماوەی چوار مانگ بوو لە چێشتخانەیەکی هەولێر کاری دەکرد، بەڵام لە نیوەڕۆی 25ی حوزەیرانی رابردووەوە، دوای ناردنی نامەیەک لە واتسئەپەوە بۆ ماڵەوە، ون بووە.
دوایین نامە: "چێژ لە ژیان نابینم"
ئەمەل عومەر، دایکی ئازاد، بە خەمێکی قووڵەوە باس لە دوایین پەیوەندیی نێوانیان دەکات و دەڵێت: "هەتا ئێوارەی پێش رووداوەکەش نامەم بۆ نارد و هەواڵیم پرسی، گوتی من باشم. بەڵام رۆژی دواتر نامەیەکی بۆ ناردم و نووسیبووی: دەمەوێ لەکۆڵ ئەو ژیانە ببمەوە و ئیدی چێژ لەو ژیانە نابینم و نامەوێ بژیم."
سیراج رەمەزان، باوکی ئازاد، ئێستا تەنیا چاوی لە کامێراکانی چاودێری و زانیارییەکانی پۆلیسە، دەڵێت: "نازانین چارەنووسی کوڕەکەم چییە، ئایا لەناو ئاودایە یان نا؟ داواکارم فشار بخرێتە سەر کۆمپانیای زەین بۆ ئەوەی لیستی ئەو ژمارانەمان بۆ دەربهێنن کە پەیوەندییان پێوە کردووە. مرۆڤە، دەکرێت بە زۆر شتێکی پێکرابێت یان وایان لێکردبێت خۆی بخاتە ناو ئاو."
دوایین وێستگە: کەناری زێی گەورە
بەپێی بەدواداچوونەکانی پۆلیس، ئازاد لەو رۆژەی بێسەروشوێن بووە، لە هەولێرەوە بە پاس بەرەو زێی گەورە بەڕێکەوتووە. شۆفێری پاسەکە بە پۆلیسی گوتووە، ئازاد لە نزیک زێکە دابەزیوە و گوتوویەتی "نیو کاژێر کارم هەیە و دەگەڕێمەوە."
کەناری زێی گەورە، 15 کیلۆمەتر لە کەمپی گەویلان و نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە شوێنی کارەکەی ئازادەوە دوورە، دوایین شوێنە ئازادی لێ بینراوە. کامێراکانی چاودێری ئازادیان لەو ناوچەیە تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی دووریی کامێراکە، تەنیا وەکو سێبەرێکی رەش دەرکەوتووە چەند جارێک دانیشتووە و هەستاوەتەوە.
گەڕان وەستاوە
تیمەکانی مەلەوانی بۆ ماوەی 25 رۆژ لەو ناوچەیەدا بەدوای تەرمی ئازاددا گەڕان، بەو گومانەی خۆی خستبێتە ناو ئاوەکەوە، بەڵام هیچ نیشانەیەکیان نەدۆزیوەتەوە. ئێستا ماوەی 10 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمەکەشیدا وەستاوە.
رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری ئەو چێشتخانەیەی ئازاد کاری لێدەکرد، دەڵێت: "ئازاد مانگێکی تەواو لای ئێمە کارمەندی قاپشۆر بوو. شەوی پێش رۆشتنی هات و گوتی مام رێباز حەزدەکەم بچمەوە و پشوویەک بدەم، داوای مووچەکەی کرد، منیش مووچەکەم دایێ و بۆ بەیانییەکەی رۆیشت."
ئازاد تاوەکو پۆلی 9ی بنەڕەتی خوێندووە، کاتی کارەکەی لە کاژێر 4ی ئێوارە بۆ 4ی بەرەبەیان بووە. ئەو برا گەورەی دوو خوشک و دوو برای دیکەیە و ئێستا خێزانەکەی لە چاوەڕوانییەکی تاقەتپڕوکێندا، داوای هاوکاری لە بنەماڵەی بارزانی و لایەنە ئەمنییەکان دەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەیان.



