رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە سستبوونی بازاڕ و دروستبوونی قەیرانی کەمبوونی بەنزین لە هەولێر و دهۆک، جارێکی دیکە کڕین و فرۆشتنی بەنزین لە بازاڕی ئازاد دەستیپێکردەوە، بەڵام نرخەکان بە بەرزی مانەوە و لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە زیاتر لە 1100 دینار دەگاتە دەست بەنزینخانەکان.
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆرسەی سووتەمەنی لە هەولێر، نرخی بەنزین بە کۆ بەمشێوەیە بوو: لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 1105 دینار، محەسەن بە 1450 دینار و سوپەریش بە 1600 دینار فرۆشرا.
زوبێر عەبدولڕەزاق، بازرگانێکی سووتەمەنییە و دەڵێت: "بەشێک لە بەنزینی نۆرماڵ لە ناوەڕاست و خواری عێراقەوە دەهاتە هەولێر، هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەوەی نرخەکان کەم بوون، نەدەهات، بەڵام ئێستا نرخەکان بەرزبوونەتەوە، دووبارە بەنزین دەگات."
ئەو قەیرانەی زیاتر لە هەفتەیەک بوو بەرۆکی شۆفێرانی لە هەولێر و دهۆک گرتبوو، تەنیا بە 24 کاژێر دوای بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ سەرووی هەزار دینار، بەرەو کۆتایی چوو. فایەق شێروانی، خاوەنی بەنزینخانەیەک ئاماژە بەوە دەکات ئێستا نرخەکان بەرزن، بەڵام "هەندێک کاتی دەوێت تاوەکو نرخەکان دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان."
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بازاڕی سووتەمەنی، پرسی کوالێتی و شێوازی دەستکاریکردنی ئۆکتانی بەنزینە. لە گۆڕەپانەکانی سووتەمەنی لە هەولێر، رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک و نیو لیتر بەنزینی محەسەن و سوپەر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام پڕۆسەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی تەکنیکی و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نییە.
بەهائەدین ئیسماعیل، بازرگانێکی سووتەمەنی، تێبینی لەسەر کوالێتی ئەو بەنزینانە هەیە لە گۆڕەپانەکان تێکەڵ دەکرێن و دەڵێت: "ئەمە نەفتایە کراوەتە بەنزین و کوالێتییەکەی بەرز نییە، بەنزین نابێت گەرم بێت، بەڵام ئەمە گەرم بووە."
شەماڵ رەسووڵ، بازرگانێکی دیکەی سووتەمەنی، ئاشکرای دەکات ئەوان بەپێی"داواکاری بەنزینخانەکان" دەستکاری کوالێتییەکە دەکەن و دەڵێت: "ئێمە بەپێی شارەزایی خۆمان بەنزینی محەسەن و سوپەر دروست دەکەین، لەسەر داواکاری بەنزینخانەکان ئۆکتانەکانیان بۆ زیاد دەکەین. هیچ رێنماییەکمان بۆ دیاری نەکراوە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە بەنزینانە."
ئەم گۆڕانکارییانەی بازاڕ لەکاتێکدایە، شۆفێران چاوەڕێی جێگیربوونی نرخ و باشتربوونی کوالێتی ئەو بەنزینە دەکەن لە بازاڕی ئازاددا دەخرێتە ڕوو.


