رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 284 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 72 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە ورمێ کراونەتەوە و بڕیارە ناوەندەکان زیاتر بکرێن."
محەممەد رەزا ئەسغەری گوتی، "زۆرترین گەنم لە بۆکان وەرگیراوە، کە 60 هەزار تۆن بووە."
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ دەڵێت، تاوەکو ئێستا 50٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە و لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی خەرج بکەن.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ یەک کیلۆگرام گەنمی ئاسایی بە 49,500 تمەن (28 سەنت) لە جووتیاران بکڕێتەوە.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ورمێ لەسەر رووبەری زیاتر لە 406 هەزار هێکتار گەنم چێندراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی زیاتر لە 900 هەزار تۆن بێت.




