رووداو دیجیتاڵ
هادی ئەحمەدی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دوای هەوڵێکی زۆر، بووە براوەی دووەم ئۆتۆمبێلی خەڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو و کۆمپانیای جیلی باجگر بۆ مۆندیالی 2026.
هادی ئەحمەدی تەمەنی 39 ساڵە، خێزاندارە و ماوەی دوو ساڵە لە تاران کار دەکات. ئەو بۆ ئەوەی ناوی لە لیستی براوەکاندا بێت، لە رۆژانی مۆندیالدا رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێری تەرخان کردووە بۆ نووسینی کۆمێنت لەژێر پۆستەکانی رووداو، تاوەکو دواجار ناوی وەکو براوەی ئۆتۆمبێلەکە دەرچوو.
ئەو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا لە هەولێرە و بووەتە میوانی رووداو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی. هادی لەبارەی هەوڵەکانی دەڵێت: "هەموو رۆژانی مۆندیال زیاتر لە 10 کاژێر کۆمێنتم دەنووسی تاوەکو ئۆتۆمبێلەکەم بۆ دەرچێت."
خەڵاتەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "جیلی ئێمیگراند 2026"ـە. ئەم دیارییە لە چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان تۆڕی میدیایی رووداو و کۆمپانیای "جیلی باجگر" لە هەولێر تەرخانکرابوو بۆ ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رووداو، زۆرترین جار وشەی "رووداو سپۆرتس" لە کۆمێنتدا دەنووسن.
خەلیل ئیبراهیم، راوێژکاری فرۆشتن لە کۆمپانیای جیلی باجگر، ئاماژە بەوە دەکات پڕۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەچووە و خەڵاتەکە رادەستی براوەکە کراوە.
ئیحسان تاهیر، ئیدیتۆر لە دێسکی وەرزشیی رووداو رایگەیاند، ئەمساڵ هەردوو براوەی ئۆتۆمبێلەکانی رووداو هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، براوەی یەکەم خانمێکی خەڵکی سەقز بوو و براوەی دووەمیش هادی ئەحمەدی بوو لە شاری سەردەشتەوە.
ئۆتۆمبێلەکانی خەڵاتی رووداو بۆ مۆندیالی 2026، لە جۆری جیلی ئێمیگراندی مۆدێل 2026ـن، یەکێکە لە ئۆتۆمبێلە نوێ و پێشکەوتووەکانی کۆمپانیای جیلی.


