رووداو دیجیتاڵ
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، لەسەر رێگەی هەولێر- مەخموور هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان، بەڵام تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان و سەرچاوەی هێرشەکە رانەگەیێندراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 31-07-2026، لەسەر رێگەی هەولێر-مەخمووری باشووری کوردستان، هێرش کرایە سەر بارەگای سەرەکیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
ماڵپەڕە فەرمییەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەڤیدیۆی هێرشەکەیان بڵاوکردووەتەوە. بەپێی گرتەڤیدیۆکە دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز، دووکەڵ و ئاگر لە بارەگاکە بەرز دەبێتەوە.
تائێستا ناسنامەی بکەران و سەرچاوەی هێرشەکەی سەر سازمانی خەبات ئاشکرا نەکراوە و روون نییە بە مووشەک یان درۆن کراوە.
سازمانی خەبات، یەکێکە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، هەروەها ئەندامی هاوپەیمانیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی سازمانی خەبات، بەهۆیەوە شەهید و برینداریان هەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تائێستا، بە زیاتر لە 940 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.


