رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی کرایە سەر سنووری کۆیە لە پارێزگای
هەولێر. بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، هێرشەکە بۆ سەر کەمپێکی
ئەوان بووە، بەهۆیەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمموزی 2026، بەرپرسێکی باڵای حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بە
دوو درۆن کەمپی ئازادیمان لە قەزای کۆیە بۆردوومان کرا".
ئەو بەرپرسە گوتیشی، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە
سنوورەکە کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانییان نەبووە.
هەر ئەمڕۆ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران رایگەیاند،
لەسەر رێگەی هەولێر- مەخموور هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان. بەرپرسێکی سازمانی خەبات
بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن بووە.
بەگوێرەی حیزبەکە بۆ رووداو، هێرشەکەی سنووری هەولێر
بە دوو درۆن کراوە و پێنج خانووی خاپوور کردووە و بەهۆی ئەوەی چۆڵ بوون زیانی گیانییان
نەبووە.
بەرپرسەکەی سازمانی خەبات گوتی، هەر ئەمڕۆ بە درۆنێک هێزەکانیان
لە سنووری باشیک بۆردوومان کراون و زیانی گیانییان نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی
شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 945 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە
سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوونە.



