رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگە لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا دەڵێت، "ئەم تاوانە یەکێکە لە جەرگبڕترین کارەساتەکانی مێژووی گەلی کورد".
43 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 31 تەمموزی 1983، هەشت هەزار پیاو لە گەنج و بەساڵاچووی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال کران.
شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا دەڵێت، "دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی فاشی ڕووبەڕووی زیندەبەچاڵکردن بوونەوە و شەهید کران".
وەزیری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم تاوانە یەکێکە لە جەرگبڕترین کارەساتەکانی مێژووی گەلی کورد، بووە دەستپێکی شاڵاوی نەگریسی ئەنفال، جێنۆساید و کیمیاباران، کە تێیدا سەدان هەزار ژن، منداڵ، پیر و گەنجی نەتەوەکەمان بوونە قوربانی و زیندەبەچاڵ کران".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، شۆرش ئیسماعیل دەڵێت، "بەوپەڕی شکۆوە سەری رێز و وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم کارەساتە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین. ئەم برینە قووڵە هەمیشە وەک هێمای خۆڕاگری و قوربانیدانی نەتەوەکەمان دەمێنێتەوە و پەڵەیەکی تاوان و شەرمەزارییە بە ناوچەوانی دووژمنانی گەلەکەمانەوە".



