رووداو دیجیتاڵ
کەرکووک بووە ئەندامی (یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک) و پارێزگاری پارێزگاکەش دەڵێت، هەڵبژاردنی هاووڵاتییەکی تورکمان بۆ پۆستی پارێزگار بەرهەمی "سیاسەتە بەهێزەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانە."
لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک، کە بە ئامادەبوونی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە شاری قارامانی تورکیا بەڕێوەچوو، ئەندامێتیی کەرکووک لەو یەکێتییەدا بەفەرمی ناسێندرا و پرۆژەکانی گەشەپێدانی هاوکاریی نێوان ئیدارە "نێوخۆییەکانی جیهانی تورک" تاوتوێکران.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە گوتارێکدا رایگەیاند، "ئێمە دوای 102 ساڵ وەک پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووکەوە هاتووین. ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەگەر رێنمایی و سیاسەتە بەهێزەکانی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و پشتیوانیی دامەزراوەکانی تورکیا نەبووایە، نەدەتوانرا لە کەرکووک پارێزگارێکی تورکمان هەڵبژێردرێت."
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد کە "هەرچەندە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەهێز بێت، تورکەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە زیاتر دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە و تێبکۆشن."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان وەک پێکهاتەی تورکمان لە بەغدا، محەممەد سەمعان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەک بەرەی تورکمانیی عێراق، لە دوای هەڵبژاردنیانەوە هەوڵیانداوە پەیوەندییەکی "هاوسەنگ" لەگەڵ هەمووان دروستبکەن.
پارێزگاری کەرکووک گوتی، "لە بەغدا بێ ئەوەی جیاکاری لەنێوان شیعە، سوننە، کورد و کریستیان بکەین، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەتەوە و کاردەکەین."
(یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک) رێکخراوێکە لە ساڵی 2003ـدا دامەزراوە و بارەگاکەی لە ئیستەنبووڵە، ئامانجی دروستکردنی هاوئاهەنگی، هاوکاریی کولتووری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان شارەوانییەکانی وڵاتان و ناوچە تورکمانەکان و پەیوەندیدارەکانە.
رۆژی 16ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا محەممەد سەمعان بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا. ئەمەش دوای ئەوەی رێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
محەممەد سەمعان، لە یەکەم لێدوانیدا دوای هەڵبژاردنی وەک پارێزگار، رایگەیاند، "کۆتاییمان بە حەسرەتێکی 100 ساڵە هێنا و ئێستا تورکمانێک لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکدایە."


