رووداو - دیجیتاڵ گەیشتن بە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، بۆ زۆربەی ئەو زیارەتکارانەی لە دوورترین ناوچەکانی ئێرانەوە هاتوون، بڕینی نیوەی رێی گەشتێکی درێژە بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 15 رۆژی رابردوودا نزیکەی حەوت هەزار زیارەتکار لەم دەروازەیەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان. ئەو زیارەتکارانەی لە سنوورەکە دەپەڕنەوە، دوای پشوویەکی کورت و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بە پاسە ئامادەکراوەکان دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و لەوێشەوە بەرەو کەربەلا بەڕێدەکەون. رەزا شایسەپوور، زیارەتکارێکی خەڵکی تارانە و بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە سێیەمین جارە دێم؛ لەگەڵ هاوژینەکەم بڕیارمان دا لەم رێگەیەوە بچینە نەجەف و کەربەلا. پێشوازییەکە زۆر باش بوو، ئەم دەروازەیەمان بەهۆی کەشوهەوا گونجاوەکەیەوە هەڵبژاردووە." ئەمە پێنجەمین ساڵە زیارەتکارانی شیعە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەک رێگەیەکی سەرەکی و ئارام بۆ گەیشتن بە کەربەلا بەکاردەهێنن. دۆخی ئابووری و عەشق بۆ ئەهلی بەیت هەرچەندە دۆخی دارایی و ئەمنیی ئێران کاریگەریی لەسەر ژمارەی زیارەتکاران هەبووە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتریان کردووە، بەڵام هێشتا لێشاوێکی بەرچاو هەر ئەم رێگەیە دەگرنەبەر. محەممەد نوورانی، زیارەتکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەوەندە خۆشەویستیمان بۆ ئەهلی بەیت هەیە، دۆخی ئابووری لای ئێمە زۆر گرنگ نییە؛ هەموو شتێک لەبەر خاتری زیارەتی ئیمام حوسێن و حەزرەتی عەلییە." نزا بۆ ئاشتی و نەمانی جەنگ ئەمساڵ لەنێو نزا و زیکرەکاندا، داواکارییەکان جیاوازن. زیارەتکاران لەگەڵ ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان، نزا بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و نەمانی جەنگ لە ناوچەکەدا دەکەن. مەرهەمەت موجرلوو، یەکێک لەو زیارەتکارانەیە و گوتی: "ئینشەڵڵا ئاسایش بەرقەرار بێت و خۆشگوزەرانی بگەڕێتەوە. داوا لە سەرکردەکانمان دەکەم دەستی خەڵک بگرن و جەنگ لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ بهێنن." ئامارەکان بە کورتی: - ژمارەی زیارەتکاران: نزیکەی 7,000 کەس لە 15 رۆژدا. - سەرچاوەی ئامار: بەشی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران. - بەردەوامیی هاتن: چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو دوو رۆژی دیکە هاتنی زیارەتکاران بەردەوام بێت. - رێڕەوی گەشت: حاجی ئۆمەران ⬅️ هەولێر ⬅️ کەربەلا. بەهۆی فێنکیی کەشوهەوای ناوچە شاخاوییەکانی باڵەکایەتی، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لەو زیارەتکارانەی لە رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئێرانەوە دێن، دەروازەی حاجی ئۆمەران بە گونجاوترین رێگە دەزانن بۆ گەیشتن بە مەزارگە ئایینییەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق.