رووداو - دیجیتاڵ
گرانبوونی نرخی بەنزین لە سلێمانی راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر بژێویی شۆفێرانی تاکسی و کرێی گواستنەوە؛ ئێستا کرێی هەر گەشتێکی نێو شار هەزار بۆ دوو هەزار دینار زیادی کردووە. شۆفێرانیش دەڵێن بەهۆی ئەم گرانییەوە، هاونیشتمانییان کەمتر تاکسی دەگرن.
فەرهاد ئەحمەد، شۆفێرێکی تاکسییە لە شاری سلێمانی و باس لە گۆڕانکاریی نرخەکان دەکات؛ ئەو بە رووداوی راگەیاند: "لەوەتەی بەنزین گرانبووە، ناچارین کرێی گواستنەوە زیاد بکەین، بەڵام ئەمە وایکردووە نەفەر کەمببێتەوە. بۆ نموونە، گەشتێکی هەواری شار تاوەکو نێو بازاڕ کە پێشتر بە چوار هەزار دینار بوو، ئێستا بە بێ تەبرید بە پێنج هەزار و بە تەبریدەوە بە شەش هەزار دینارە."
بە گوتەی ئەو شۆفێرە، ئێستا شێوازی هاتوچۆی خەڵک گۆڕاوە؛ "خەڵک ئێستا زیاتر پاس بەکاردەهێنن، یان دوو سێ کەس پێکەوە تاکسی دەگرن بۆ ئەوەی خەرجییەکەیان لەسەر کەمببێتەوە."
هەڵوێستی سەندیکا و پاسەکانی ناو شار سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵیانداوە رێگری لە گرانبوونی کرێی هێڵەکانی دەرەوەی شار بگرن. هاوکات جەخت دەکەنەوە کە پاسەکانی ناو شار وەک پێشتر بە هەمان نرخی (750 دینار) نەفەر دەگوازنەوە و هیچ زیادکردنێک لە کرێی پاسدا نەکراوە.
داواکاریی شۆفێران چییە؟ شۆفێرانی تاکسی و پاس داواکارن حکومەت کارئاسانییان بۆ بکات تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان بێ ئەوەی بارگرانی بۆ سەر هاونیشتمانییان دروست ببێت. داواکاریی سەرەکیی ئەوان بریتییە لە:
- تەرخانکردنی بەنزینخانەیەکی تایبەت: بۆ ئەوەی بەنزین و گاز بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (750 دینار) بە شۆفێرانی تاکسی و پاس بفرۆشێت.
پوختەی گۆڕانکاریی نرخەکان لە سلێمانی:
- زیادبوونی کرێی تاکسی: 1,000 بۆ 2,000 دینار بۆ هەر گەشتێک.
- کرێی پاسی ناو شار: وەک خۆی ماوەتەوە (750 دینار).
- کاریگەری: کەمبوونەوەی خواستی هاونیشتمانییان لەسەر تاکسی و زیادبوونی گوشار لەسەر پاسەکان.
ئێستا شۆفێرانی تاکسی لە سلێمانی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانن بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی هەرزان، تاوەکو بتوانن نرخەکان بۆ دۆخی پێشوو بگەڕێننەوە.


