رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لە 31 رۆژدا و لە یەکی تەمموز بۆ دوێنێ 31ـی تەمموز، هەرێمی کوردستان بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە مانگی حەوتدا بە 66 درۆن و دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر پارێزگای هەولێر؛ هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە .
وردەکاری تەواوی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوت:
- 31ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- 31ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستان لە نزیک قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر.
- 31ـی تەمموز، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی سازمانی خەباتی کوردستان لە سنووری باشیک.
- 28ـی تەمموز، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، لە سنووری بالیسان لە پارێزگای هەولێر بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەریان و زیانی گیانییان نەبووە.
- 28ـی تەمموز هێرشێک کرایە سەر گوندەی تەگەران لە نزیک سلێمانی، شایەتحاڵان بە رووداویان گوت، هێرشەکە بە سێ درۆن کراوە.
- 28ـی تەمموز، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە پێنج درۆن هێرش کراوەتە سەریان لە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- 27ـی تەمموز بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کۆیە و دەوروبەری. دەزگای ئاسایش رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
- 27ـی تەمموز، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاند، لە سنووری هەولێر بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەریان.
- 25ـی تەمموز، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا.
- 24ـی تەمموز، بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر و لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە لە ئاسمان تێکشکێندران. دژە تیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
- 22ی تەمموز، چوار درۆن لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانانەوە لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران، لایەنی فەرمی ئاشکرای نەکردووە مووشەک بووە یان درۆن.
- 22ی تەمموز کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا حەوت پێشمەرگەیان بریندار بوون.
- 22ـی تەمموز، تەنێک لە نزیک ماڵێک لە گوندی عەنەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتە خوارەوە، دواتر راگەیێندرا مووشەک یان بەشێکی مووشەک بووە.
- 21ـی تەمموز، شەش تەنی جیاواز لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران.
- 20ـی تەمموز، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
- 20ـی تەمموز، بە مووشەکێک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا.
- 19ـی تەمموز، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە هەولێر، بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، هەشت پێشمەرگەیان بریندار بوون.
- 19ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر.
- 19ـی تەمموز، دوو دەنگی بەرز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا، لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرای نەکرد، کە درۆن بووە یان مووشەک.
- 17ـی تەمموز، دوو جار و بە دوو درۆن، ناوچەی تاسڵووجە لە سلێمانی بۆردوومان کرا.
- 17ی تەممووز، لە کاژێر 21:58 تاوەکو 22:06 بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر. دژە تیرۆر رایگەیاند، هاوپەیمانان درۆنەکانیان لە ئاسمان تێکشکاند و زیانێکی گیانییان نەبووە.
- 17ی تەمموز، درۆنێک نزیک ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ژینگەیی، زیانی گیانی نەبوو.
- 17ـی تەمموز بە مووشەکێک کەمی سوورداش لە سنووری سلێمانی بۆردوومان کرا.
- 17ی تەمموز بە مووشەکێک کەمپەکانی ناحیەی سوورداش لە سلێمانی بۆردوومان کرا.
- 17ی تەمموز بە هەشت مووشەک هێرش کرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و لە ئەنجامدا 10 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستدا.
- 17ی تەمموز، بە هەشت درۆن هەولێر بۆردوومان کرا، دژە تیرۆر رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.
- 15ـی تەمموز، بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران. دژە تیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانییان نەبووە.
- 13ـی تەمموز، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر.
- 01ـی تەمموز، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دێگەڵە، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- 01ـی تەمموز، بە درۆنێک ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێکەوتووە ئاگر لە پووش و پاوانی کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
مانگی شەش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بوو، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 950 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر، بەهۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسی دیکە بریندار بوون.



