رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی گەرما و بە مەبەستی کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە، کاتی دەوامی فەرمانگەکانی ئیلام بۆ دوو کاژێر کەمکرایەوە.
رۆژی شەممە 01-08-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، سەرجەم دامودەزگا جێبەجێکارەکان، بانکەکان و کۆمپانیاکانی بیمە لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کاژێر زووتر لە کاتی ئاسایی خۆیان دادەخرێن و دەوامی رۆژانەیان تەواو دەبێ.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ناوەندە تەندروستییەکان، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، یەکە مەیدانییەکان و کارمەندانی خەفەر، ناگرێتەوە.
لە نیوەی مانگی تەممووزەوە، شەپۆلێکی گەرما رووی لە پارێزگای ئیلام کردووە و لە هەندێک رۆژدا پلەی گەرما لە ناوچەکانی وەک مێهران و دێهلۆڕان 50 پلەی سیلیزیی تێپەڕاندووە.
بەپێی کەشناسی پارێزگای ئیلام، پلەکانی گەرما لە ناوچە گەرمەکان تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەگاتە 39 بۆ 40 پلەی سیلیزی.



