رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، بە دوو درۆن هێرشکراوەتە سەر شاخێکی نزیک قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، ئازاد سەڵاواتی، بەرپرسی ئەمنییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوت، بە دوو درۆن هێرشکراوەتە سەر شاخێکی نزیک گوندی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان، بەڵام جگە لە کەوتنەوەی ئاگرێکی بچووک، هیچ زیانێکی دیکەی نەبووە.
لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل - ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان لە هێرش و بۆردوومان بێبەش نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆری میدیایی رووداو بۆ هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لە 31 رۆژدا و لە 1ـی تەممووز بۆ 31ـی تەممووز، هەرێمی کوردستان بە 88 درۆن و مووشەک هێرشیکراوەتە سەر، لەئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە مانگی حەوتدا بە 66 درۆن و دوو مووشەک هێرشکراوەتە سەر پارێزگای هەولێر؛ هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشیکراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە.
مانگی شەش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومانکرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بوو، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 950 درۆن و مووشەک هێرشیکراوەتە سەر، بەهۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسی دیکە برینداربوون.

