رووداو دیجیتاڵ
رووداو زانیویەتی، رۆژی شەممە 01-08-2026، ئەو باڵۆنەی لە ئاسمانی هەولێر دەبینرا، هێنراوەتە خوارەوە.
ئەو باڵۆنە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (PSS-T)، کامێرای زۆر پێشکەوتووی چاودێریی شەو و رۆژی تێدایە، بە بازنەی 360 پلە بۆ مەودای نزیکەی 50 کیلۆمەتر دووریی دەبینێت و سەرچاوەی هەموو هێرشێک ئاشکرا دەکات.
ئەم باڵۆنانە دەتوانن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بەرزیی چەند هەزار پێیەک لەسەر بنکە سەربازییەکان، هێزە بڵاوەپێکراوەکان و کاروانەکان بەرز بکەنەوە. ئەمە وەک هۆشدارییەکی پێشوەختە کاردەکات دژی هەر هەڕەشەیەک و سیستمێکی زۆر سەرکەوتووە بۆ پاراستنی ئاسایش لەبری زیادکردنی هێزی زەوینی.
ئەم باڵۆنە پێشتر لە سەربازگەی ئەمریکاییەکان لە (عەین ئەسەد) لە ئەنبار و سەربازگەی (کەی وەن) لە کەرکووک هەبووە.
کۆمپانیای (ناڤمار) بۆ زانستی کارپێکراو (NASC)، خاوەنی کارمەندی بە ئەزموون و لێهاتووییەکی زۆرە بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی PSS-T لە هەر شوێنێکی جیهان دا.
لە ساڵی 2010ـوە کۆمپانیای NASC پاڵپشتی ئەم سیستمە بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و چەندین رێکخراوی دیکە دەکات.
وەک بەڵێندەری سەرەکی، ئەم کۆمپانیایە سەرپەرشتی ئەندازیاری، دابینکردن، کۆکردنەوە، تاقیکردنەوە و جێگیرکردنی 60 سیستمی باڵۆنی PSS-Tـی لە دەرەوەی ئەمریکا کردووە کە زیاتر لە 400 کارمەند سەرپەرشتییان دەکەن.

