رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تائێستا بە 966 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ژمارەیە 88 یان لە مانگی حەوت و 16یان لە مانگی شەش بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە کەمتر لە 24 کاژێری رابردوودا، بە پێنج درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، چوار درۆن لە سلێمانی و درۆنێکیش لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو:
- 01ـی ئاب، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی.
- کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 02ـی ئاب، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
- بەرەبەیانی ئەمڕۆ 02ـی ئاب، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک تاسڵووجە لە سنووری سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، مانگی حەوت بە 88 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، 66 درۆن و دوو مووشەکیان لە پارێزگای هەولێر، هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشی کراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێک لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی مانگی حەوت دا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، مانگی شەش 16 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، 12 یان لە سنووری هەولێر، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرش و دووانەکەی دیکەش لە سنووری قەزای ئاکرێ بوو لە پارێزگای دهۆک.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 02ـی ئابی 2026، هەرێمی کوردستان بە 966 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 664 هێرش
- پارێزگای سلێمانی: 268 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس شەهید بوون، کە پێکدێن لە حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



