رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەست بە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی پەرتووک دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان دەڵێت، گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی وەزارەت کراوە.
حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەرتووکە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەن و گۆڕانکاری و نوێکاریی بنەڕەتی لە نێوەڕۆکی 110 پەرتووکدا کراوە."
حەسەن سەرتیپ گۆڕانکارییەکانی بە نوێکاریی مێژوویی لە وەزارەتی پەروەردە ناوبرد و گوتی، "یەکەمجارە پاکێجی تایبەت بە باخچەی ساوایان دادەنرێت. لە یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن منداڵان هەگبەیەکیان پێدەدرێت کە پێنج کتێب لەخۆدەگرێت بەناوی خێزانەکەم، نیشتمانەکەم، هاووڵاتیبوونم، ژینگەدۆستی و رێز و سوپاس."
بەگوتەی حەسەن سەرتیپ، ئامانجی ئەم پاکێجە تەنیا خوێندن و نووسین نییە، بەڵکو بەها ئەخلاقی، نەتەوەیی، خێزانی و مرۆڤییەکان لە منداڵاندا دەچەسپێنێت.
لەبارەی قۆناخی سەرەتاییەوە، حەسەن سەرتیپ رایگەیاند، "کتێبی کوردی و زانستی پۆلی 6 گۆڕاوە. گۆڕانکاری و نوێکاری لە سەرجەم وانەکانی پۆلی 1 تاوەکو 6ـی سەرەتاییش کراوە، جگە لە وانەی ئینگلیزی کە بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانکاری لەویش دەکرێت."
جگە لە گۆڕانکارییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بە زیادکردنی وانەی هونەری کرد و گوتی، "یەکەمجارە وانەی هونەری بۆ قۆناخی سەرەتایی زیادبکرێت و بۆ پۆلەکانی 7 و 8 و 9ـش کتێبێکی نوێ بەناوی پەروەردەی هونەری زیادکراوە کە بابەتەکانی وەک شانۆ و میوزیک و سینەما لەخۆدەگرێت."
ئەوەی پەیوەندی بە قۆناخی ناوەندی و دواناوەندییەوە هەیە، حەسەن سەرتیپ گوتی، "وانە زانستی و وێژەییەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە و زانستییانە نوێکرانەتەوە و چەند وانەیەک گۆڕانکارییان تێداکراوە کە بریتین لە:
-زانستی پۆلی 8 و 9
-بیرکاری پۆلی 10 و 11ـی وێژەیی
-کیمیای پۆلی 10 و 11ـی زانستی"
بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پڕۆگرامی پۆلی 12 نەکراوە.
یەکێکی دیکە لە نوێکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە گونجاندنی سیستمی هەڵسەنگاندنی ئەلیکترۆنییە. حەسەن سەرتیپ لەمبارەوە رایگەیاند، "لەنێو پاکێجەکاندا سیستمی هەڵسەنگاندنی قوتابی بەشێوەیەکی نوێ جێبەجێدەکرێت. قوتابییان خۆیان بۆ هەڵسەنگاندن تۆماردەکەن و ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانیش لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی خوێندندا بۆ دایک و باوکەکان دەنێردرێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری ئاستی خوێندنی منداڵەکانیان بن."
حەسەن سەرتیپ جاف ئاماژەی بەوەشکرد، 110 کتێبەکەی وەزارەتی پەروەردە بەشێوەی ئەلیکترۆنیش بەردەستن و گوتی، "بەرگی کتێبەکان بارکۆدی لەسەرە کە لە رێگەیەوە قوتابییان دەتوانن وانە تۆمارکراوەکان سەیربکەن، ئەمەش کارئاسانییە بۆ قوتابییان و کەسوکاریان کە لە ئەگەری نەخۆشی یان هەر هۆکارێکی دیکە نەیانتوانی لە پۆلەکانی خوێندن ئامادەبن، وانەکانیان لەدەستنەچێت."
بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە گوتیشی، "راهێنان بە مامۆستایان کۆتاییهاتووە و سەرجەم مامۆستایان راهێنانیان لەسەر نوێکاری و گۆڕانکارییەکان پێکراوە."
بەگوتەی حەسەن سەرتیپ جاف، گۆڕانکاری و نوێکارییەکانی مەنهەج و وانەکانی خوێندن تەنیا بۆ زمانی سۆرانی نییە، بەڵکو بە هەموو زمانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داڕێژراون.



