رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیێنێت، بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر 10٪ی پێشوو دابەزیوە، بەجۆرێک لە 240 هەزار بەرمیلەوە کەمبووەتەوە بۆ 20 هەزار بەرمیل. باس لەوەش دەکات کە کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکەن.
رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق لە مانگی تەممووزی 2026دا توانیویەتی 42 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، کە 35.5 ملیۆن بەرمیل لە بەندەرەکانی باشوور و 7 ملیۆن بەرمیلیش لە جەیهانی تورکیا فرۆشراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێش ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، عێراق مانگانە 105 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، عەلی نزار گوتی، "هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ جەیهان لە 240 هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 20 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە. هۆکارەکەش بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگەکان و کشانەوە و راگرتنی کارەکانی کۆمپانیا بیانییەکان دەگەڕێتەوە."
باسی لەوەش کرد کە بۆ کۆمپانیاکان" مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندەکانیان لە سەرووی هەموو بەرهەمهێنانێکەوەیە."، بۆیە لە کاتی مەترسییە ئەمنییەکاندا یەکسەر کارەکانیان رادەگرن.
لەبارەی فرۆشتنی نەوت و نرخەکەی، بەڕێوەبەری سۆمۆ دەڵێ، عێراق وەک هەندێک وڵاتی کەنداو پەنای بۆ فرۆشتن بە "نرخی جێگیر" نەبردووە، بەڵکو مانگانە باشترین نرخ لەو کۆمپانیایانە وەردەگرێت کە توانای بارکردنیان لە بەندەرەکانی باشوور هەیە.
ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی مەترسییەکانی تەنگەی هورمزەوە، رەنگە جیاوازیی نێوان نرخی جیهانی و نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق بگاتە نزیکەی 20 دۆلار، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "ئەمە داشکاندن نییە و دەرەنجامی کێبڕکێی کۆمپانیاکانە."
رۆژی 1ـی ئابی ئەم ساڵ، عێراق و تورکیا رێککەوتنێکی یەکساڵەیان واژۆکرد، ئەمەش دوای ئەوەی کە رێککەوتنە کۆنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ هەناردەی نەوت بۆ جەیهان لە 26ی تەممووزی ئەم ساڵ کۆتایی هاتبوو.
سەبارەت بە رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان عێراق و تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "رێککەوتنێکی یەک ساڵەمان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەوە دەبێت لانیکەم 750 هەزار بەرمیل لەرێگەی بۆریی سلۆپی - جەیهانەوە هەناردە بکەین."
بەگوتەی عەلی نزار، رێککەوتنەکە بەجۆرێکە کە تورکیا مافی هەیە لەو ماوەیەدا "پاشماوەی توانای بۆرییەکە بۆ پێویستییەکانی خۆی بەکاربهێنێت."
وەک عەلی نزار باسی دەکات، وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی هەیە لەرێگەی تانکەرەوە نەوت لە پاڵاوگەکانی باشوورەوە بۆ باکوور بگوازێتەوە بۆئەوەی بگەنە ئەو توانایەی کە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەرێگەی تورکیاوە هەناردە بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای BPی بەریتانی و کۆمپانیا تورکی و ئەمریکییەکان دەست دەکەن بە پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەو پارێزگایە بەرزبکەنەوە، بە ئامانجی هەناردەکردنی لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ جەیهان.
بەڕێوەبەری سۆمۆ باسی لە هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا کرد و رایگەیاند، "عێراق ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەکی نوێ دەکات کە بریتییە لە دروستکردنی هێڵێکی بۆری لە بەسرەوە بۆ حەدیسە و لەوێشەوە بۆ زاخۆ و دواتر بۆ بەندەری بانیاسی سووریا."
لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکە گوتی، "ئەم پڕۆژەیە لەرێگەی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتەوە دەبێت. ئامانجمان ئەوەیە دەروازەکانی هەناردەکردن فرەچەشن بکەین و پشتبەستنی تەواو بە تەنگەی هورمز کۆتایی پێ بهێنین."
لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و داخرانی تەنگەی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی هورمزەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە و تاکە رێگەی هەناردەکردنی نەوت، لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا.



