رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ لە سووریا ئەنجامی ئەزموونەکانی بەکالۆریۆسی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا راگەیێندرا. ژمارەیەکی بەرچاو کچ و کوڕی کورد نمرەی بەرزیان بەدەستهێنا. تیرێڤا جوان حەسەن و ئەلەند حسێن بوونە میوانی رووداو و باسیان لەو سەرکەوتنەیان کرد.
تیرێڤا: ویستی باوکمم جێبەجێ کرد
تیرێڤا جوان حەسەن کە خەڵکی عەفرینە و ئێستا لە عامودا دەژی، لە پرۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا %99.9ی بەدەستهێنا.
تیرێڤا کچی هونەرمەندی ناسراو، جوان حەسەنە کە لە 21ی ئایاری 2025دا بە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیدا گیانی لەدەستدا.
تیرێڤا ئاماژەی بەوە کرد، لە دۆخێکی سەختدا وەک کەمیی سووتەمەنی و بڕانی کارەبا خوێندوویەتی.
ئەو هاونیشتمانییە تیشکی خستە سەر پشتگیریی خێزان و مامۆستاکانی و گوتی: "باوکم هەمیشە دەیویست من سەرکەوتوو بم و ببمە پزیشک. من ئەم سەرکەوتنەم لەپێناو ئەودا بەدەستهێنا و لە داهاتوودا ئەو ئامانجە دەهێنمەدی."
ئەلەند حوسێن: کلیلی سەرکەوتن تێگەیشتنە لە وانەکان
ئەلەند حوسێن کە خەڵکی شاری قامشلۆیە، لە پرۆگرامی خوێندنی حکومەتی سووریادا %99.8ی بەدەستهێنا.
ئەلەند لەبارەی شێوازی خوێندنەکەی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵدا رۆژانە 5 بۆ 6 کاژێر دەیخوێند، بەڵام لە مانگەکانی کۆتاییدا کاتی خوێندنەکەی زیاد کرد بۆ 10 بۆ 12 کاژێر.
ئەلەند ئاماژەی بە خاڵێکی بنچینەیی خوێندن کرد و گوتی: "بۆ سەرکەوتن پێویستە قوتابی لە وانەکان تێبگات. تێگەیشتن لە لەبەرکردن گرنگترە."
ئەلەند هەروەها سوپاسی باوک و دایکی کرد کە هەمیشە پشتگیرییان کردووە.
ئەلەندیش هاوشێوەی تیرێڤا دەیەوێت لە داهاتوودا لە بەشی پزیشکی بخوێنێت.



