رووداو – دیجیتاڵ
پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە هەولێر بەهۆی پارەنەدانەوە بە کرێکار و وەستاکانی دروستکاری باڵەخانەکانیەوە کێشەی بۆ درووست بووە و کارەکانی راگرتووە، وەبەرهینانی هەولێریس دەیەوێت مۆڵەتی خاوەندارێتی لە خاوەنی پڕۆژەکە بسەنێتەوە و بیخاتە مەزادەوە.
پێشنوەڕۆی رۆژی سێشەممە، لەبەردەم باڵەخانە دەستەی وەبەرهێنان هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کرێکار و وەستا گردبوونەوە بیناسازییە.
ئەوانن لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە ژمارەیەک باڵەخانەی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، بەناوی گۆڵدن تاوەرز کاریان کردووە، بەڵام خاوەن پرۆژەکە پارەی پێنەداون و چەندین مانگە بێ پارە و بێ کار ماونەتەوە.
ئیبراهیم مستەفا – وەستایە و لەو پرۆژەیە کاری گەچکاری کردووە گوتی : "ئێمە وەکو ستافی گەچکاری لە پڕۆژەی گۆڵدن تاوەرز ئیشمان کردووە، لە مانگی 9ی 2025 تا 28ت2ی 2026، بەپێی ئەو گرێبەستەی کردوومانە دەبوو، هەموو کۆتایی هەفتەیەک پارەمان بدەنێ، بەڵام مانگێک پارەیان دا و دواتر نەیاندا، من 6 ملیۆن دینارم لایانە تەنیا 2 ملیۆنیان پێداوم".
عومەر موراد وەستایەکی دیکەیە لە هەمان پرۆژە بە رووداوی گوت: " تەنیا مانگێک بە تەواوی پارەیان پێماندا، دواتر منجە منجی تێکەوت، هەر رۆژە و بەڵێنێکی دەدا و جێبەجێشیان نەدەکرد".
بەڵێندەری کاری گەچکاری پڕۆژەکە ، بە گوتەی خۆی 180 ملیۆن دیناری لای خاوەن پڕۆژەکەیە، تەنیا 40 ملیۆنی پێدراوە، بۆ ئەوەی بەشێک لە پارەی کرێکارەکان بدات ئۆتۆمبێل و زەویی خۆیی فرۆشتوە ئاوهاش خاوەن پڕۆژەکە پارەی پێنەداون.
هەرێم رواندزی – بەڵێندەری کاری گەچکاریە لەبارەی کارەکەیان دەڵیت: "تەواوی کارەکەمان _ئیستیلام)، رادەست کراوە و هیچ کێشەیەکی کوالێتی و ستانداری نەبووە، بەڵام کەس تێناگات خاوەن پڕۆژە بۆچی پارەکەمان نادات، کارەکەی پێ راگرتووین و پارەشمان ناداتێ".
پڕۆژەکە چەند جارێکی دیکە کێشەی هە بووە، ئێستا بەهۆی ئەوەی لەکۆتایی مانگی شوباتەوە راوەستاوە لە کارکردن، دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوەی خاوەنەکەی، بەڕێوبەرایەتی گشتی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر نوسراوی فەرمی بۆ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کردووە کە مۆڵەتی خاوەنداری لە خاوەن پڕۆژەکە بسەندرێتەوە.
سامان عارەب بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە و ئەندازیارایانی ئێمە سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە، تۆماریان کردووە کە خاوەن پڕۆژە ، کارەکانی راگرتووە و کار ناکات، ئەوەش پێشێلکاری گرێبەستە و زیاندگەیاندنەکە بە ئەو کەسانەی کە یەکەیان لەو پرۆژەیە کڕیوە، بۆیە دوای رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان لە نوسراوەکەی ئێمە، دەیدەینە دادگا و داواکاری گشتی دەکەین و سکاڵا تۆمار دەکەین دەربارەی ئەو زیاندگەیاندنەی بە پڕۆژەکە و کڕیارەکان گەیشتووە و خاوەن پڕۆژەکە بەرپرسیار دەبێێت لە قەرەبووکردنەوەی زیانمەندبووان".
پڕۆژەی گۆڵدز تاوەرز، لە نزیک شەقامی 150 مەتری هەولێر ساڵی 2021 دەستکراوە بە کار تێیدا و لە 11 باڵەخانەی پێکهاتووە کە دەبوو ساڵی 2023 تەواو ببوایە


