رووداو- دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی نەمانی بەنزین بۆ ئەمبوڵانسەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رایدەگەیێنێت، ئێستادا بەنزینی پێویستیان بۆ هەموو ئەمبوڵانسەکان لەبەردەستدایە.
محەممەد ئازاد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "هەموو هاونیشتمانیان ئاگادار دەکەینەوە کە ئێستادا هیچ کێشەیەکی بەنزینمان نییە." بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لەسەر هێڵە و گوتی: "نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بەردەوام هاوکارمانە و پێیان راگەیاندووین؛ لە هەر کاتێکدا ئەگەر تەندروستیی گەرمیان نەیتوانی پێداویستییەک دابین بکات بەهۆی هەر گرفتێکی کارگێڕییەوە، راستەوخۆ نووسینگەی بەڕێزیان پاڵپشت دەبن بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی گەرمیان، هەرکەس و رێکخراوێک هاوکارمان بێت لە هەرکاتێکدا جێگای دەسخۆشییە.”
محەممەد ئازاد ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی جۆری برینداری و نەخۆشییەکانەوە، رۆژانە دوو بۆ سێ ئەمبوڵانسیان نەخۆش لە کەلارەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەگوازنەوە.



