بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا پێنج پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، فۆڕمی (هەژماری من)یان پڕ نەکردووەتەوە و مووچەکانیان راگیراون. پەرلەمانتارەکان، چواریان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن کە هەریەکە لە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، هەردی سەلاح، رەوەز ئەحمەد و سالار رەفیقن، پەرلەمانتارەکەی دیکە، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانییە. تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاری لە پەرلەمانی کوردستان وەرگرت کە تەنیا چوار پەرلەمانتار ماون پڕی بکەنەوە، بەڵام رەوز ئەحمەد، لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوت گوت، "منیش هەژماری منم پڕ نەکردووەتەوە." ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، لە 100 پەرلەمانتار پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا 93یان، چوونەتە نێو سیستمی هەژماری من و، دووە پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەریش تاوەکو ئێستا سوێندیان نەخواردووە. هەردی سەلاح، پەرلەمانتاری یەکێتی بە رووداوی گوت، لەبەر پڕنەکردنەوەی فۆڕمی (هەژماری من) چەند مانگێکە مووچەم راگیراوە. ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی، من لەگەڵ (هەژماری من)دا نیم، تاوەکو بۆم بکرێ پڕی ناکەمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدام کە هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران هەبێ، هەژمارێک کە وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی بکات و شەفاف بێت. رۆژی 28ی تەممووز، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو پەرلەمانتاران پڕیان کردووەتەوە و ئەوە بە نەرێنی نابینم و دەستخۆشییان لێدەکەم، رەنگە ئەو رەخنەی جارانیان نەماوە و وانەبووە." عەزیز ئەحمەد گوتیشی: "زۆربەی ئەوانەی رەخنەیان گرتبوو، پڕیان کردەوە، ئەوانەشی ماون، مووچەیان بڕاوە." پڕۆژەی (هەژماری من) دوایین کاتی بۆ وەرگرتنی کارتە بانکییەکان لەلایەن مووچەخۆرانەوە دیاری کردووە و دەڵێ، دوای ئەو رێککەوتە وەرگرتنی مووچە بەدەست (کاش) کۆتایی دێت. بەپێی راگەیێندراوی پڕۆژەی (هەژماری من)، دوایین وادە بۆ وەرگرتنی کارتە بانکییەکان لەلایەن فەرمانبەران و خانەنشینانەوە، رۆژی 31ـی 8ـی 2026ـە. پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە مووچەخۆران سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە مووچەیان لێ وەرگرتووە، چونکە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش نامێنێت. پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.