رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشێک لە کۆمپانیاکانی عێراق لە تایلەند برنجی کواڵیتی خراپ دەکڕن و دواتر وەکو بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێ.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ خراپیی کواڵیتیی برنجی بەشەخۆراکی مانگانە دەکات. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە تایلەند جۆری باشی برنج بەردەستە، بەڵام کۆمپانیاکانی عێراق بەهۆی هەرزانیی نرخ، برنجی کواڵیتی خراپ دەکڕن و حکومەتی عێراقیش وەکو بەشەخۆراکی مانگانە بەسەر خەڵک دابەشی دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: "لە ماوەی رابردوودا سەردانی تایلەندمان کرد و گلەیییەکانی خۆمان سەبارەت بە کواڵیتیی برنجی هەناردەکراو بۆ عێراق گەیاند. بەرپرسانی تایلەندی گوتیان 'کۆمپانیاکانی عێراق داوای جۆری باشی برنج ناکەن، بەڵکو خۆیان جۆری کواڵیتی نزم هەڵدەبژێرن'."
برنج لە تایلەند، ئۆرۆگوای و ئەمریکاوە هاوردە دەکرێ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "برنجی بەشەخۆراکی مانگانە لە تایلەند، ئەمریکا و ئۆرۆگوایەوە هاوردە دەکرێ. باشترین جۆری برنجی تایلەندی لە بازاڕدا هەیە، بەڵام بەپێی شێوازی دابەشکردنی وەزارەتی بازرگانی عێراق، زۆرجار جۆرە کواڵیتی نزمەکان بۆ هەرێمی کوردستان دێن".
پێشنیار کراوە برنجی کوردی لە بەشە خۆراک زیاد بکرێت
نەوزاد شێخ کامیل باسی لە برنجی کوردی کرد و گوتی: "هەرچەندە بەرهەمی برنجی کوردی زۆر کەمە و ناتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بەڵام چەندین جار پێشنیازمان کردووە بۆ حکومەتی عێراق کە برنجی کوردی لە جووتیاران بکڕێتەوە و لە بەشە خۆراکی مانگانە دابەش بکرێت، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەی پێشنیازەکەمان رەتکراوەتەوە."
زیاتر لە 50٪ـی هاونیشتیمانیان برنجی بەشەخۆراکی مانگانە دەفرۆشنەوە
ئیبراهیم ئەحمەد، بریکارێکی خۆراکە لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "جۆری برنجی دابەشکراو لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەهۆی خراپی کواڵیتییەکەی، زیاتر لە 50٪ـی هاونیشتیمانیان لەکاتی وەرگرتنی بەشەخۆراک، برنج وەرناگرن، یان دوای وەرگرتن دەیفرۆشنەوە، کە نرخی هەر کیلۆیەکی تەنیا 550 دینارە".
بازرگانیی عێراق: هاوردەکردنی برنج بەگوێرەی پێوەرە پەسەندکراوەکانە
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هاوردەکردنی برنج بەگوێرەی پێوەرە تەکنیکییە پەسندکراوەکانە و هیچ بارێک وەرناگیرێت ئەگەر تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان تێنەپەڕێت.
حەنون هەروەها گوتی: "سیاسەتی هاوردەکردنی برنج بە یەک وڵات سنووردار نییە، بەڵکو سەرچاوەکانی هاوردە لە چەند وڵاتێکەوە فرەچەشن دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رەتیکردەوە کە برنجی خراپ بۆ کوردستان بنێرن و گوتی: "ماددەکانی کارتی خۆراک بە یەک شێواز لە هەموو پارێزگاکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، دابەش دەکرێن و هیچ جیاوازییەک لە جۆر یان سەرچاوەی ماددەکاندا نییە."
وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندووە: بە شێوەی مەیدانی و تاقیگەیی بەدوای هەر تێبینی و رەخنەیەک دەکەوێت لەبارەی خراپی کوالێتی و جیاکاری لەنێوان پارێزگاکان چونکە پاراستنی کوالێتی ماددەکانی کارتی خۆراک یەکێکە لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی بەرنامەی وەزارەت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە عێراق مانگانە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس سێ کیلۆ برنج وەک بەشێک لە بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن. لەو ژمارەیەدا، زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن.
.jpg&w=3840&q=75)


