رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی دەربازبوون لە تێچووی زۆری کارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەهلییەکان، هاونیشتمانییان و خاوەنکاران لە هەرێمی کوردستان روویان لە بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر کردووە. ئێستا تەنیا لە هەرێمی کوردستان 155 مێگاوات کارەبا لە رێگەی خۆرەوە بەرهەمدێت.
تا دێت خواست لەسەر بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە زیادبووندایە، ئەمەش وەکو جێگرەوەیەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی مانگانەی کارەبا.
رێستۆرانتی "ABC" لە شاری هەولێر، یەکێکە لەو شوێنانەی ماوەی شەش مانگە کارەبای خۆی خستووەتە سەر سیستەمی وزەی خۆر. محەممەد غازی، ئەندازیاری کارەبا لە رێستۆرانتەکە دەڵێت: "دوای بەکارهێنانی ئەم سیستەمە، ئێستا مانگانە بە رێژەی 50% بۆ 60% خەرجیی کارەبامان کەمبووەتەوە."
سەبارەت بە تێچووی دانانی سیستەمەکە بۆ ماڵان و شوێنە بچووکەکان، پسپۆڕانی بوارەکە ئاماژە بەوە دەکەن سیستەمێکی وزەی خۆر بە توانای 15 ئەمپێر بۆ رۆژ و 8 ئەمپێر بۆ شەو، بە گەرەنتیی 10 ساڵ، نزیکەی سێ هەزار و 500 دۆلاری تێدەچێت. ئەگەر تێچووەکە بەسەر تەمەنی سیستەمەکەدا دابەش بکرێت، ئەوا مانگانە تەنیا 29 دۆلار لەسەر خاوەنەکەی دەکەوێت.
بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە تەنیا بۆ ماڵ و رێستۆرانتەکان نییە، بەڵکو مارکێتە گەورەکانیشی گرتووەتەوە. لە یەکێک لە مارکێتەکانی هەولێر، سیستەمێکی 150 ئەمپێری لەسەر سەربان جێگیر کراوە. عەلی تەحسین، خاوەنی مارکێتەکە ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ئەم سیستەمەوە، چاوەڕوان دەکرێت مانگانە بڕی خەرجیی کارەباکەی زیاتر لە 500 هەزار دینار کەم بکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئێستا 155 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەمدێت، بەڵام ئاماژە بەوەش کراوە کە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە تاوەکو ئێستا بە فەرمی تۆمار نەکراون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بۆ رێکخستنەوەی ئەم کەرتە دەستپێکردووە. وەزارەتی کارەبا لە پلانیدایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، رێنمایی نوێ بۆ دانان و تۆمارکردنی سیستەمی وزەی خۆر دەربکات، تاوەکو پڕۆسەکە بە شێوەیەکی رێکخراوتر لەژێر چاودێریی وەزارەتدا بێت.

.jpg&w=3840&q=75)
