رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی خۆجێیی نەینەوا پڕۆژەیەکی نوێ بۆ نیشتەجێکردن و قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش رادەگەیێنێت. پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، زەوی نیشتەجێبوون بەسەر هەموو کوردانی رزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا دوێنێ چوارشەممە، لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان رایگەیاند، "لە قۆناخی داهاتوودا، پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ هەموو رزگاربووان تەرخان دەکرێت. ئەوەی لەم بڕیارەدا نوێیە ئەوەیە رزگاربووان سەرپشک دەکرێن لەوەی ئایا دەیانەوێت زەوییەکانیان لە ناو شاری موسڵ بێت یان لە قەزای شنگال."
بە گوتەی دەخیل، ئەم هەنگاوە رەچاوی بارودۆخی تایبەتی رزگاربووان و پێویستییەکانیان دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت.
پارێزگاری موسڵ ئاماژەی بەوە کرد، "خزمەتکردنی قوربانییان و رزگاربووان، ئەرکێکی نیشتمانی، نێودەوڵەتی و ئەخلاقییە و نابێت هیچ کەمتەرخەمییەکی تێدا بکرێت." گوتیشی، "ئیدارەی نەینەوا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ئەو ئازارانەی کە پێکهاتەی ئێزدی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست داعشەوە چەشتوویانە."
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 595 رفێندراو ئازاد کراون و زیاتر لە 2500 کەسیش چارەنووسیان نادیارە.


