رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان قسەکانی پارێزگاری کەرکووک لەسەر مادەی 140 رەتکردەوە و رایگەیاند: "لێدوانی نادەستووری، سەرنج لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لا دەبات، کە ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی".
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمیی حکومەتی عێراق، کە شەوی 4ـی ئاب پەخشکرا، گوتی، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کە دەوڵەتی عێراقی لەدوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە کەرکووک کردوویەتی، مادەی 140 بووە و بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە دەنگیان بە دەستوور نەداوە. ئەوەش کاردانەوەی کوردی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ 6ـی ئابی 2026، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پابەند بوون بە دەستووری عێراق تەنیا پابەندییەکی یاسایی نییە و ئاماژەی بەوەکرد، "خەڵکی کوردستان مادەی 140ـی دەستوور وەک دیارترین نەخشە رێگەی خۆی بینیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانەکەی، ئەویش پرسی ناسنامەی رووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەیەتی لە عێراقدا".
دەستەکە دەڵێت: "دەستوور رێگەیەکی هاوسەنگی بۆ داڕشتووین بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا، بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لە لایەن پارێزگاری کەرکووکەوە کە پێچەوانەی دەستوور بێت جگە لەوەی رەتی دەکەینەوە، بە پێویستیشی دەزانین لەم قۆناخە هەستیارەدا جەنابی پارێزگا گیانی پێکەوەژیانی راستەقینە لە شارەکە زاڵبکات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک کە پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی راستەقینەی گەلانی عێراق بێت".
دەستەی ناوچەکە کوردستانییەکان رایگەیاندووە: "لێدوان و دیداری نادەستووریی رووبەری بێ متمانەیی فراوان دەکات و سەرنجیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لا دەبات، کە ئەمڕۆ کەرکووک لە هەمووکات زیاتر پێویستی پێیەتی".
دوێنێ 5ـی ئاب، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەڵامی پارێزگاری کەرکووک دایەوە و رایگەیاند، قسەکردن دژی مادەی 140 بە واتای بێبەهاکردنی دەستوور و "نەمانی مانای دەوڵەتبوونی عێراقە". ئاماژەی بەوەشکرد: "پارێزگار بە سەفەقەیەکی گوماناوی ئەو پۆستەی وەرگرتووە".


